عەلی ڕەشید: تا مانگ و نیوێکی دیکە پرۆژەی ڕووناکی لە ناوەندی هەولێر تەواو دەبێت

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، پرۆژەی ڕووناکی بەردەوامە، تاوەکوو مانگ و نیوێکی دیکە پرۆژەی ڕووناکی لە ناوەندی شاری هەولێر تەواو دەبێت، ئامانجیش لەو پرۆژەیە خزمەتکردنی هاووڵاتیانە.
عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پرۆژەی ڕووناکی بەردەوامە، تاوەکوو ئێستا 400 مووەلیدە لەکار وەستاون، هەروەها خەریکە 21 گەڕەک تەواو دەبێت و کارەباکەیان دەبێتە 24 کاتژمێری.
گوتیشی: ئەم پرۆژەیە وادەکات هاووڵاتیان بەردەوام کارەبای نیشتیمانیان هەبێت، هەر کاتێک بیەوێت دەتوانێت پیداویستییەکانی ناوماڵ بەکار بهێنێت.
عەلی ڕەشید، ئاماژەی بەوەش دا "پلانەکە لە ڕۆژئاوای هەولێرەوە دەستی پێ کردووە، ئێستاش نزیک دەبێتەوە لە ناوەندی شار بەرەو باکوور و ڕۆژهەڵاتی هەولێر، پرۆژەکە لە سوودی هاووڵاتیان دایە، دەبێت هاووڵاتیان کارەبا بەشێوەیەکی باش بەکار بهێنن، بەتایبەت ماڵ هەیە 24 کاتژمێر گیزەرەکەی کار دەکات، بەڵام ئەگەر بیکوژێنێتەوە ئەوە ئەو کارەبایە بەشی ماڵیکی دیکە دەکات."
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، ڕوونیشی کردەوە، ئەو کاتەی هاووڵاتیان کارەبای مووەلیدەیان بەکار دەهێنا، بەشێوەیەکی باش ئیدارەدانیان دەکرد کە هەرکاتێک ئامێرێکی ناوماڵیان پێ کردبا دەبوایە ئەوەی دیکەیان بکوژێنێتەوە، دەنا کارەبایان فیوزی دەکرد، بەڵام ئێستا ئەو حاڵەتانە نامێنیت.
عەلی ڕەشید باسی لەوەش کرد، هاووڵاتی دەتوانێت کۆنترۆڵی پارەی کارەباکەی بکات، بۆیە لەکاتی دەرچوون لەماڵەوە دەبێت گلۆپ و تیڤی و ئامێرەکان بکوژێنیتەوە، کە ئەمە دەبێتە هۆی ڕۆشنبیری کردنی خەڵکیش.
جەختیشی کردەوە، وەزارەتی کارەبا پلانێکی چڕیان داناوە، کە ئێستا پرۆژەکە دەچێتە سلێمانی و دهۆک، بەڵام بە قۆناغ دەبێت، گوتیشی، مانگ و نیوێکی دیکە پرۆژەی ڕووناکی لە سەنتەری شاری هەولێر تەواو دەبێت.