یاری زاخۆ و نەفت بە ئامادەبوونی هاندەران دەکرێت

لیژنەی سزادان لە یەکێتی تۆپی پێ عێراق، تانەکەی یانەی زاخۆی پەسەند کرد و بەمەش هاندەرانی یانەکە، لە یاری داهاتووی یانەکەیان دەتوانن لە یاریگا ئامادەبن بۆ هاندانی یانەکەیان.
هەفتەی رابردوو لیژنەی سزادان لە یەکێتی تۆپی پێ عێراق بڵاویکردەوە، بەهۆی کێشەکانی یاری نێوان زاخۆ و کارەبا بڕیاردرا بە سزادانی هاندەرانی یانەی زاخۆ بۆ یارییەک و هەروەها پێ بژاردنی یانەکەی بە 25 ملیۆن دینار، دوای دەرچوونی ئەم بڕیارە کارگێری یانەی زاخۆ، تانەی لە بڕیارەکەدا و تانەکەش لەلایەن لیژنەی تەمبێکاری لە یەکێتی تۆپی پێ عێراق پەسەند کرا و سزای هاندەران لەسەر یانەکە هەڵوەشایەوە.
بەم شێوەیە هاندەرانی یانەی زاخۆ لە یاری داهاتووی یانەکەیان، کە بڕیارە پێنج شەممەی ئەم هەفتەیە لە گەڕی 24ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق میوانداری نەفت بکەن، دەتوانن لە یاریگا ئامادەبن و پاڵپشتی یانەکەیان بکەن.