دۆخی یاریزانان پێش دێربی مەدرید لە چامپیۆنزلیگ

دێربی مەدرید
دێربی مەدرید

ئاتلێتیکۆ مەدرید و ریاڵ مەدرید شەوی چوار شەممەی داهاتوو، لە یاری گەڕانەوەی قۆناغی شازدەی چامپیۆنزلیگ و لە یاریگای واندا میترۆپۆلیتانۆ رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە، بەشێک لە یاریزانانی هەردوو یانە، گومان لەسەر بەشداری کردنیان دەکرێت.

ریاڵ مەدرید کە یاری چوونی لە یاریگای خۆی بە ئەنجامی 2-1 براوە بووە، بۆ ئەم یارییە چەند یاریزانێکی بەهۆی پێکان بەردەست نابێت، ئەوانیش بریتین لە دانی دارڤاخال و ئێدەر میلیتاو کە ماوەیەکی زۆرە بەهۆی پێکان لە یاریگاکان دابڕاون.

لەلایەکی دیکەوە دانی سێبایۆس ناوەڕاستکاری مێرنگی، ئەم یاریزانەش ماوەیەکە تووشی پێکان بووە و وادەی گەڕانەوەی بۆ یاریگاکان نادیارە، ئەم یاریزانە بۆ یاری گەڕانەوەی قۆناغی 16 بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید بەردەست نابێت. هەروەها ئانتۆنیۆ رۆدیگێر بەرگریکاری ئەڵمانی، ئەو یاریزانەش یاری رابردووی یانەکەی بەرامبەر رایۆ ڤایێکانۆ لە لالیگا بەهۆی پێکان بەشداری نەکرد، بەڵام بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە مەدرید، ئەو یاریزانە لە پێکانەکەی رزگاری بووە و بۆ یاری داهاتوو بەردەست دەبێت.

هەرچی تیبۆ کۆرتوا گۆڵپارێزی یانە شاهانەکەیە، ئەو یاریزانەش دوای ئەوەی بەهۆی پێکان نەیتوانی بەشداری یاری یانەکەی بەرامبەر ڤایێکانۆ بکات، لە پێکانەکەی رزگاری بووە و بۆ دێربی مەدرید هیچ کێشەیەکی نابێت.

لە ریزەکانی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید گومان لەسەر بەشداری کردنی سێ یاریزانی ئەو یانەیە دەکرێت، کلێمێنت لێنگلێت بەرگریکاری فەڕەنسی و رۆدریگۆ دی پاول و هەروەها کوکێ هەردوو یاریزانی ناوەڕاست، ئەو سێ یاریزانە بەهۆی پێکان ئەستەمە بۆ دێربی مەدرید ئامادەبن.

 
Fly Erbil Advertisment