گەڕی یەکەمی دانووستانی شاندی ئەمەریکا و ئۆکرانیا لە سعوودییە کۆتایی هات

 ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا، لەبارەی کۆبوونەوەی نێوان شاندی وڵاتەکەی و ئۆکرانیا لە سعوودییە ڕایگەیاند: کۆبوونەوەکە ئەرێنی بوو.

سێشەممە 11ـی ئاداری 2025، گەڕی یەکەمی دانووستانی نێوان شاندی ئەمەریکا و ئۆکرانیا لە شاری جەددەی سعوودییە، بە مەبەستی پرۆسەی ئاشتی ئۆکرانیا و ڕاگەیاندنی ئاگربەست کۆتایی هات.

مایک واڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا، کە لە کۆبوونەوەکە بەشدار بوو، گوتی: کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ شاندی ئۆکرانیا زۆر بە باشی بەڕێوەچوو و ئەرێنی بوو.

بە پێی زانیارییەکان، لە میانی دانوستانەکانی نێوان هەردوولا لە جەددە، ئۆکرانیا پلانێکی بۆ ئاگربەست لەگەڵ ڕووسیا پێشکەشی ئەمەریکا کرد، هەروەها ئێستا کیێڤ هیوادارە پاڵپشتی کۆشکی سپی بە دەست بهێنێتەوە، ئەمەش دوای دروستبوونی ناکۆکی و گرژی لە کۆبوونەوەکەی نێوان ترەمپ و زێلێنسکی.

شاندەکەی ئەمەریکا کە بەشداری کۆبوونەوەکە بوون، پێکهاتبوون لە؛ مایک واڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا. هەروەها شاندەکەی ئۆکرانیا پێکهاتبوون لە؛ ئەندری سیپیا، وەزیری دەرەوە، ئەندری یەرماک، سەرۆکی ئەرکانی سوپا و ڕوستەم ئومارۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا.

هەر ئەمڕۆ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و شاندێکی وڵاتەکە بۆ تاوتوێکردنی پرۆسەی ئاشتی ئۆکرانیا و ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەنیوان وڵاتەکە و ڕووسیا بۆ وەستانی جەنگ، گەیشتە شاری جەددەی سعوودییە و لەلایەن محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی وڵاتەکە پێشوازیی لێ کرا.

لەمیانەی کۆبوونەوەی نێوانیان، شازادەی جێنشینی سعوودییە جەختی لە وردبینی و پشتیوانیی شانشینی وڵاتەکەی بۆ هەموو هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بە ئامانجی چارە کردنی قەیرانەکە و بەدیهێنانی ئاشتی کردەوە.

لای خۆیەوە سەرۆکی ئۆکرانیا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو هەوڵانەی شانشینی سعوودییە دەربڕی و ئاماژەی بە ڕۆڵی سەرەکی وڵاتەکە  لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان کرد.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment