بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق بانگهێشتی پەرلەمان دەکرێت

بە مەبەستی چارەکردنی گرفتەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمان بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق بانگهێشتی پەرلەمان دەکات. 

سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، لیژنەکەیان کۆبوونەوەیەکی کردووە و بڕیاریاریانداوە، چەند بەرپرسێکی وەزارەتی نەوت بانگهێشتی پەرلەمان بکەن و لە هۆکارەکانی دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوت و کێشەکانی نێوان کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق بکۆڵنەوە. 

گوتیشی: بڕیارە بانگهێشتی هەریەک لە بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنانی نەوت و بەڕێوبەری بەشی ئابووری و هونەری لەوەزارەتی نەوت بانگهێشتی پەرلەمان بکەن.

هەروەها ئاماژەیدا، کۆبوونەوەکە هەفتەی داهاتوو لە لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، هەفتەی ڕابردوو، وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) کۆبوونەتەوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێککەوتنێک، تەنانەت لە کۆبوونەوەکەدا هەندێک گرژی و ئاڵۆزی و دەمەقاڵی لەنێوان شاندی وەزارەتی نەوت و شاندی کۆمپانیاکانی نەوت دروست بووە.

بۆ چارەکردنی کێشەکان، بڕیار کۆبوونەوەیەکی دیکە بکەنەوە، بەڵام کۆمپانیاکانی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان هەڵوێستی خۆیان ڕاگەیاندووە، بە هیچ شێوەیەک ئامادەنین بەو میکانیزمەی کە وەزارەتی نەوتی عێراق دایناوە، دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بکەنەوە، هۆکارەکەش کۆمپانیاکان داوای گەرەنتی پێدانی شایستەکانیان دەکەن.

بە گوێرەی ڕێککەوتنی سەرەتایی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بڕیارە لە قۆناغی یەکەمدا ڕۆژانە 185 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیا بکرێتەوە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment