ئێران: لە 2025 بەبەهای زیاتر لە یەک ملیار دۆلار کاڵامان لە ڕێگەی دەروازەی پەروێزخانەوە هەناردە کردووە

ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی ئاداری 2025، مەهدی حەسەن عەباسی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری سنووری و ناوچە سنوورییەکان لە وەزارەتی ناوخۆی ئێران، ئاشکرای کرد، 112 دەروازەی سنووری فەرمی ئێرانی لەگەڵ وڵاتاندا چالاکی ئابووریان هەیە، گوتیشی، دەروازەی سنووری پەروێزخان یەکێکە لە دەروازە بازرگانییە گرنگەکان بۆ هەناردەکردنی کاڵاکان بۆ هەرێمی کوردستان .
مەهدی حەسەن عەباسی، لەکاتی سەردانێدا بۆ دەروازەی سنووری پەروێزخان، بە ئاژانسی هەواڵی میهری ئێرانی گوت: "بەهۆی هەماهەنگی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان، قەبارەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لەڕێگەی ئەم دەروازەوە بەرز بووەتەوە."
عەباسی ڕوونیشیکردەوە "لە ماوەی سێ بۆ چوار مانگی داهاتوودا ڕێڕەوی هاتوچۆی گەشتیاران تەواو دەبێت، لەگەڵ دانانی ئامێری سۆناری مۆدێرن، بە هەماهەنگی لەگەڵ گومرگ، بە ئامانجی ئاسانکاری بۆ پشکنینەکان و خێراکردنی گواستنەوەی کەلوپەلەکان."
ئاماژەی بەوەش کرد، "دەروازەی پەروێزخان یەکێکە لە دەروازە بازرگانییە گرنگەکان بۆ هەناردەکردنی کەلوپەلی ئێرانی بۆ هەرێمی کوردستان".
لای خۆیەوە محەمەد شەفیعی، سەرۆک شارەوانی شارۆچکەی قەسری شیرین ئاشکرای کرد، "لەسەرەتای ئەمساڵەوە بەبەهای زیاتر لە یەک ملیار دۆلار کاڵا لەرێگەی دەروازەی سنووری پەروێزخانەوە هەناردە کراوە، پێشبینیش دەکات، ئەم ژمارەیە بەرز ببێتەوە.