پاکستان.. لە ڕووداوێکی خوێناویدا 350 کەس ڕزگار کران

سەرچاوەیەکی ئەمنیی بە تۆڕی سی ئێن ئێنی ڕاگەیاند، پاش ڕووبەڕووبوونەوەیەکی خوێناوی لە نێوان سوپای پاکستان و ئەو چەکدارانەی لە هەرێمی بلوجستان لە باشووری ڕۆژاوای پاکستان، دەستیان بەسەر شەمەندەفەرێکدا گرتبوو، نزیکەی 350 بارمتە ڕزگار کراون.
ڕۆژی سێشەممە، 11ـی ئاداری 2025، چەکدارانی سەر بە سوپای ڕزگاریی بلوجستان، کە گرووپێکی جوداییخوازی چەکدارن، بەرپرسیارەتی خۆیان لە هێرشکردنە سەر شەمەندەفەرێک ڕاگەیاند.
سەرچاوەیەکی سوپای پاکستان، بە تۆڕی سی ئێن ئێنی ڕاگەیاند "شەڕ و بەرەنگاربوونەوەی چەکدارەکان تا ئەمڕۆ بەردەوام بوو. چەکدارەکان 27 بارمتە و سەربازێکیان کوشتووە، لانی کەم 35 چەکداریش کوژراون."
شەمەندەفەرەکە، بە 450 سەرنشینەوە لە شاری کوێتە، پاتەختی هەرێمی بلوجستانەوە بەرەو پیشاوەر لە باکووری پاکستان دەچوو، کاتێک بە ناو تونێلێکدا تێ دەپەڕی، لە لایەن چەکدارانی سەر بە سوپای ڕزگاریی بلوجستانەوە درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و دواتر دەستیان بەسەردا گرت. دواتر، پاش پێکدادانێکی خوێناوی توانرا نزیکەی 350 بارمتە ڕزگار بکرێن.
بە گوێرەی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان، چەکداران، ژنان و منداڵانی سەرنشینی شەمەندەفەرەکەیان وەک قەڵغان بەکار هێنابوو تاوەکوو خۆیان لە هێرشی سوپای پاکستانی بپارێزن.