حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل

بزووتنەوەی حەماس لە وەڵامی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، چەند مووشەکێکی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد.

پێنجشەممە 20ـی ئاداری 2025، بزووتنەوەی حەماس، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە بەرانبەر هیرشەکانی ئیسرائیل و کۆمەڵکوژییەکانی دژی خەڵکی سڤیل لە کەرتی غەززە، چەند مووشەکێکیان بە ئاراستەی تەلئەڤیڤ هەڵداوە.

لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند: مووشەکێکیان خستەبووە خوارەوە کە لە غەززەوە ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرابوو، هەروەها دوو مووشەکی دیکەش لە چەند ناوچەیەکی دوور کە هیچ هاووڵاتییەکی لێ نەبووە کەوتوونەتە خوارەوە.

لەلایەکی دیکەوە بەرگریی شارستانی کەرتی غەززە، لە ڕاگەیەنراوێکدا، گوتی: ژمارەی کوژراوانی هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە 18ـی ئادار بۆ سەر کەرتی غەززە تا ئەمڕۆ، بۆ 504 کەس بەرزبووەتەوە.

هەروەها ئەفیغای، ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیوویەتی: لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا هێزەکانی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی ئامانجداریان لە ناوەڕاست و باشووری کەرتی غەززە دەست پێکردووە، بە ئامانجی فراوانکردنی ناوچەی بەرگریی نێوان باکوور و باشووری کەرتی غەززە.

 
 
Fly Erbil Advertisment