مەسرور بارزانی: ئەگەر میللەتێک خەبات بۆ ئازادی بکات، لە کۆتاییدا هەر ئازاد دەبێت

مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداری لە ئاهەنگی نەورۆز لە ئاکرێ، ڕایگەیاند: نەورۆز بیرمان دەخاتەوە کە ستەمکاری تا سەر نابێت و ئەگەر میللەتێک خەبات بۆ ئازادی بکات، لە کۆتاییدا ئازاد دەبێت.

پێنجشەممە 20ـی ئاداری 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریی لە ئاهەنگی نەورۆز لە ئاکرێ، وێڕای بەخێرهاتنی میوانەکان گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: "چەندین ساڵە کچ و کوڕی ئاکرێ، مەشخەڵی ئاگری نەورۆز دەبنە سەر چیای کەلێ، کە وایان کردووە قەزاکە ببێتە پایتەختی نەورۆز، هەروەها نەورۆزی ئەمساڵ بۆ ئێمە زۆر تایبەتە، چونکە پێشمەرگە و سەروەر و ڕێبەر سەرۆک بارزانی لەگەڵ ئێمەیەدا لە ئاهەنگەکەدا بەشدارە."

دوای ئاهەنگەکە سەرۆک وەزیران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، نووسیویەتی: نەورۆز بیرمان دەخاتەوە کە ستەمکاری تا سەر نابێت و ئەگەر میللەتێک خەبات بۆ ئازادی بکات، لە کۆتاییدا هەر ئازاد دەبێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ـی ئاداری 2025، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە باڵیۆز، کونسوڵی گشتیی، دیپلۆمات و نوێنەر، نێردەی دیپلۆماسیی وڵاتان لە عێراق و هەرێم و بەشداریی هەزاران هاونیشتمانی و گەشتیار، کەرنەڤاڵی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی، لە پایتەختی نەورۆز لە قەزای ئاکرێ بەڕێوە چوو.

لەلای گەلی کورد نەورۆز سیمبوڵی ئازادی و بەرەنگاربوونەوەی زۆرداریی و سەرکەوتنە. هەموو ساڵێک، لە 20ـی ئاداردا بە کردنەوەی ئاگر و پۆشینی جلوبەگی کوردی، لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان ڕێوڕەسمی جەژنی نەورۆز  ساز دەکرێت و چەندان چالاکیشی تێدا بەڕێوە دەچێت. ئەمساڵیش، لە ئاکرێ لە ڕێوڕه‌سمێكی گەورەی فەرمییدا ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە و چەندان چالاکی جیاواز بەڕێوە دەچێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment