سێ کەس لە ئەنجامی تەقینەوەی مینێک لە ئیلام گیانیان لەدەستدا
بەمەبەستی کۆکردنەوەی ئاسنەواڵە چوونەتە ناوچەکە

K24 - هەولێر
بەھۆی تەقینەوەی مینێک لە پارێزگای ئیلامی رۆژھەڵاتی كوردستان، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکەش بریندار بوو.
شەوی رابردوو (هەینی، 17-7-2020) لە ناوچەی كەلە قەندی سنووری مێھرانی سەر بە پارێزگای ئیلامی رۆژھەڵاتی كوردستان مینێک تەقییەوە.
ماڵپەری ھەنگاو بۆ پرسی مافی مرۆڤ دەڵێ: ئەو چوار هاووڵاتییە سەرجەمیان خەڵکی شاری مەلەکشاهی ئیلام بوون و بەمەبەستی کۆکردنەوەی ئاسنەواڵە چوون بۆ ئەو ناوچەیە. ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە ناویان: سەلیم تاراس، چراغ عەبدی و هادی ئومێدی بووە و کەسێک بە ناوی مێهدی ئومێدی بریندار بووە.
بەپێی هەمان سەرچاوە؛ لە چوار مانگی رابردووەوە تاوەکو ئێستا، 10 ھاووڵاتی كورد لە ئیلام بەھۆی تەقینەوەی مینەکانی پاشماوەی شەڕی ئێران و عێراق گیانیان لەدەستداوە و دەیانی دیكەش بریندار بوون.
هـ.ر.