پزیشکێک: مانگی ڕەمەزان باشترین کاتە بۆ وەرزش

ئەو کەسانەی ڕۆژانە و بە شێوەیەکی ڕێکخراو وەرزش دەکەن، برسییەتی و تینوێتیی ڕەمەزانیش نایان وەستێنێت.

 لە سەرەتای مانگی ڕەمەزانەوە، گۆڕەپانی وەرزشی پارکی سامی عەبدولڕەحمان، لە شاری هەولێر، بووەتە شوێنی وەرزشی هاووڵاتییان بە تەمەنی جیاوازەوە. ڕۆژانە بەشێکی خەڵک، دوو کاتژمێر پێش بەربانگ، دێنە گۆڕەپانەکە و وەرزش دەکەن.

تاڵب سادق، هاووڵاتییەکی شاری هەولێرە و ڕۆژانە لە پارکی سامی عەبدولرەحمان وەرزش دەکات و دەڵێت: وەرزش لە کاتی ڕۆژوودا تینوو و برسیم ناکات، چونکە مرۆڤ لە مانگی ڕەمەزاندا تەنها ژەمێکی خواردن ناخوات. لام وایە وەرزش لەم مانگەدا باشترە، چونکە هەم ڕەمەزان و هەم وەرزشیش، مرۆڤ فێری پشوودرێژی دەکەن."

هەژار عومەر، پزیشکی پسپۆڕە و بە شەیما باییز، پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: خەڵکێکی زۆر هەیە دەڵێت، چۆن دەتوانن لە مانگی ڕەمەزان وەرزش بکەن؟ بە پێچەوانەوە، مانگی ڕەمەزان باشترین کاتە بۆ وەرزش، چونکە بە ڕۆژووبوون خۆی وەرزشێکە.

توێژینەوەکان دەریان خستووە وەرزش بە سکی برسی و پێش بەربانگ، سوودی دەبێت بۆ دابەزاندنی کێش، چونکە یارمەتیدەرە بۆ سووتانی چەوری بەشێوەیەکی کاریگەر.

سەباح ئیبراهیم، یەکێکە لەوانەی لە مانگی ڕەمەزان کێشی دابەزاندووە و بە پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لەوەتەی بووەتە ڕەمەزان، ڕۆژانە دوو کاتژمێر پێش بەربانگ دێمە پارکی سامی عەبدولرەحمان و نزیکەی 12 کیلۆمەتر بە پێیان دەڕۆم. لەو ماوەیەدا توانیومە نزیکەی حەوت کیلۆگرام لە کێشی خۆم داببەزێنم، چونکە 92 کیلۆ بووم، ئێستە 85 کیلۆم."

بۆ دابەزاندنی کێش و لەش و لارێکی ڕێک، بەشێک لە هاووڵاتییان مانگی ڕەمەزان بەدەرفەت دەزانن. گۆڕەپانی پارکی سامی عەبدولڕەحمانیش، یەکێکە لە شوێنە باشەکان بۆ وەرزش.

 
Fly Erbil Advertisment