گومرگی هەرێمی کوردستان: زیاتر لە شەش هەزار تۆن چۆکلێت هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە

لە هەرێمی کوردستان خواست لەسەر بەرهەمە شیرنەمەنییەکان زۆرە و لە دوومانگی ئەمساڵ زیاتر لە شەش هەزار تۆن چۆکلێت و شیرنەمەنی هاوردەی هەرێم کراون.
شەممە، 29ـی ئاداری 2025، کەمال ڕەئوف، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بە دیاریکراوی ئامارێکی تەواومان ئێستا لەبەردەست نییە، بەهۆی ئەوەی دەوامی فەرمی نییە، بەڵام لە مانگی یەک و دووی ئەمساڵ، پێنج هەزار تۆن شیرنەمەنی و هەزار و 800 تۆن چۆکلێت هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون.
بە گوێرەی ئاماری هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان، زۆرترین چۆکلێت لە وڵاتی تورکیاوە هاوردە کراوە و لەدوای ئەویش ئیماڕات و چین و چەند وڵاتێکی دیکە دێن.
لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان خواستێکی زۆر لەسەر چۆکلێت و بەرهەمە شیرنەمەنییەکان هەیە، بە تایبەت لە ڕۆژانی جەژندا خواستەکە دوو هێندە دەبێتەوە.