لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لەسەر ڕێگەی سەیدسادق و پێنجوێن، باوکێک و کچەکەی مردن

لە ئەنجامی ڕووداوێکی هاتوچۆ لەسەر ڕێگەی سەیدسادق و پێنجوێن، دوو کەس گیانیان سپارد و دووانی دیکەش بریندار بوون.
ئاسان محەممەد، پەیامنێری کوردستان24 لە پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 01-04-2025، لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبیلێک لەسەر ڕێگەی سەیدسادق و پێنجوێن، دوو کەس گیانیان سپارد و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئەو دوو کەسەی مردوون، باوک و کچەکەین بە ناوەکانی (محەممەد قادر و هۆنیا محەممەد) و خەڵکی پێنجوێنن. بریندارەکانیش، برینیان سەختە و ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی شاری سلێمانی کراون.
پەیامنێری کوردستان24 ئەوەشی خستە ڕوو، ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری "نیسان پیکئاپ"ـە و دوای وەرگەڕانی، کەوتووەتە نێو چاڵێکەوە.