لە ڕۆژانی جەژندا دەیان هەزار گەشتیار چوونەتە ناوچە گەشتیارییەکانی هەڵەبجە

لە ڕۆژانی جەژندا دەیان هەزار گەشتیار چوونەتە سنووری پارێزگای هەڵەبجە. حەوت کەسیش لە ئەنجامی ڕووداوەکانی هاتوچۆ بریندار بوون.
سەردانی گەشتیاران لە ڕۆژانی جەژن
چوارشەممە، 02-04-2025، هەورامان جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگای هەڵەبجە بە ئاسان محەممەد، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە سێ ڕۆژی ڕابردووی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزدا، زیاتر لە 30 هەزار گەشتیار ســـەردانی هاوینەهەوار و شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری پارێزگاکەیان کردووە.
بە گوتەی هەورامان جەلال، زۆرینەی ئەو گەشتیارانەی لە ڕۆژانی جەژندا سەردانی ناوچە گەشتیارەکانی هەڵەبجەیان کردووە، هاووڵاتییانی ناوەڕاست و خواری عێراق بوون. پێشبینیش دەکات، ژمارەی گەشتیاران ئەمڕۆ چوارشەممە، 02-04-2025، زیاتر بەرز ببێتەوە، بەوپێیەی ئەمڕۆ سێیەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانە لە عێراق.
ئەمە لە کاتێکدایە، بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، ساڵی ڕابردوو، لە سێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاند، زیاتر لە 58 هەزار و 800 گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیاریەکانی پارێزگەکەیان کردبوو.
ئاماری ڕووداوەکان لە ڕۆژانی جەژن
هـــاوکات ڕێبوار عومەر، لە ڕاگەیاندنی هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە بە کوردستان24ـی گوت: "لە سێ ڕۆژی جەژندا، سێ ڕووداوی هاتوچۆ لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە ڕوویداون، بەوهۆیەوە حەوت کەس بریندار بوون و خۆشبەختانە کەس گیانی نەسپاردووە."
هەروەها ئاکام قوتبەددین، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "خۆشبەختانە لە ڕۆژانی جەژندا هیچ ڕووداوێکی نەخوازراو کە شایەنی باسبێت لە سنووری پارێزگاکەمان ڕووینەداوە."