گەشتوگوزاری هەڵەبجە: زیاتر لە 30 هەزار گەشتیار بۆ جەژن هاتبوونە هەڵەبجە

گوتەبێژی گەشتوگوزاری هەڵەبجە ڕایگەیاند: لە سێ ڕۆژی جەژندا زیاتر لە 30 هەزار گەشتیار هاتبوونە شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگای هەڵەبجە.
چوارشەممە 2ـی نیسانی 2025، هەورامان جەلال، گوتەبێژی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە کوردستان24ـی گوت: لە ڕۆژانی جەژندا زۆرینەی گەشتیاران لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هاتبوونە شوێنە گەشتیارەکانی پارێزگای هەڵەبجە.
ئاماژەی بەوە دا، لە سێ ڕۆژی جەژندا زیاتر لە 30 هەزار گەشتیار هاتبوونە شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگای هەڵەبجە. گوتیشی: چاوەڕێ دەکەین ڕێژەکە بەرزتر ببێتەوە، بەو پێیەی ئەمڕۆ سێیەم ڕۆژی جەژنە لە عێراق.
لەلایەکی دیکەوە ڕێبوار عومەر، لە ڕاگەیاندنی هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە سێ ڕۆژی جەژندا سێ ڕووداوی هاتوچۆ لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە ڕوویان داوە و لە ئەنجامدا حەوت کەس بریندار بوون و خۆشبەختانە کەس گیانی نەسپاردووە.
ئاکام قوتبەدین، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە، دەڵێت: خۆشبەختانە لە ڕۆژانی جەژندا هیچ ڕووداوێکی نەخوازراو کە شایەنی باس بێت لە هەڵەبجە ڕووی نەداوە.