ئەپیکور: بەپەلەین بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم

ئەپیکور: پێشەنگ و دەستپێشخەربووین لە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا.

پێنجشەممە، 3ـی نیسانی 2025، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) ڕایگەیاند: لەگەڵ گەیشتن بەڕێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق، هەناردەی نەوت دەست پێدەکاتەوە و پێویستە ڕێز لەڕێککەوتنەکانمان لەگەڵ حکوومەتی هەرێم بگیرێت و داواکارییەکانمان گەیاندووەتەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق.

ئەپیکور دەشڵێت: لەگەڵ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت وەبەرهێنانمان دەست پێدەکاتەوە،  وەبەرهێنەرەکانمان بەهۆی ڕاگرتنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆڕی تورکیا و عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو زیانیان بەرکەوتووە، بۆیە ناچاربووینە بەشێوەییەک کەمتر لە نرخی بازاری جیهانی نەوت بفرۆشین و نزیکەی 400 ملیۆن دۆلار زیانمان پێگەشتووە.

دووشەممە، 31-03-2025، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) لە ڕاگەیەنراوێکدا هەواڵێکی ڕۆژنامەی "شەڕقولئەوست"ـی ڕەت کردەوە کە باسی لەوە کردبوو "ئەپیکور هەولێر بە هۆی دواکەوتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان تۆمەتبار دەکات."

ئەپیکور ڕاگەیەنراوەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاو کردووەتەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە، کۆمپانیاکانی ئەندام لە کۆمەڵەکە، هەوڵە گشتی و تایبەتەکانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دووبارە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی بۆریی عێراق - تورکیا بەرز دەنرخێنن. 

کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان دووپاتیشی کردووەتەوە، هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان "دەبێتە هۆی خۆشگوزەرانی بۆ هەموو هاووڵاتییانی عێراق."

ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی هەینی، 28-03-2025، ئەپیکور لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا "کۆمپانیا نێودەوڵەوتییەکانی نەوت و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە نیازێکی پاکەوە لەگەڵ حکوومەتی عێراق و نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستیان بە گفتوگۆ کرد. ئامانجی کۆبوونەوەکان گەیشتن بوو بە بڕیارێک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت کە هاوتەریب و گونجاوبێت لەگەڵ ڕێککەوتنە یاساییەکان و بودجەی عێراق."

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment