هیوا ئەحمەد: هاتووینەتەوە کەرکووک بۆ ئەوەی ببین بە بەشێک لە چارەسەری کێشەکان

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی بارەگای مەکتەبەکەیان گوتی: هاتووینەتەوە کەرکووک بۆ ئەوەی ببین بەشێک لە چارەسەری بۆ کێشەکان.
شەممە 5ـی نیسانی 2025، هیوا ئەحمەد، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی بارەگای مەکتەبەکەیان لە کەرکووک گوتی:ئەمڕۆ بە فەرمی گەڕانەوەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک ڕادەگەیەنین، گوتیشی:  دوای هەشت ساڵ گەڕانەوەمان لە کاتێکدایە کە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکاری گەورەیان بەخۆیەوە بینیووە و پێمان وایە گۆڕانکارییەکانیش بەردەوام دەبن.
هیوا ئەحمەد، ئاماژەی بەوە کرد، بارودۆخی ناوچەکە هەستیارە و پارتی دیموکراتی کوردستانیش درک بە هەستیاری و بەرپرسیارەتی بارودۆخەکە بەرامبەر خەڵکی کوردستان و عێراق دەکات. ئێستا یەکڕیزی گەلی کورد لە هەموو کاتێک گرنگترە.
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی گوتی: دەمانەوێت هەموومان بگەڕێینەوە بۆ دەستوور و کار بە دەستوور بکەین، ئێمە هاتووینەتەوە، لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لە پارێزگای کەرکووک پێکەوە چارەسەری کێشەکان بکەین.
دوای تێپەڕینی نزیکەی هەشت ساڵ بەسەر ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی کاتژمێر 11ـی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 5ـی نیسانی 2025 بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای پارتی، لە گەڕەکی عەرەفەی کەرکووک کرایەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment