کوردانی بەریتانیا یانەیەکی شەوانە بە ملیۆنێک و 500 هەزار دۆلار دەکڕنەوە و دەیکەنە مزگەوت

مزگەوتێکی کوردان لەشاری بێرمینگهامی بەریتانیا
مزگەوتێکی کوردان لەشاری بێرمینگهامی بەریتانیا

کوردانی ساری ستۆک لە بەریتانیا، لە مەزادێکدا یانەیەکی شەوانەی ئەو شارە بە ملیۆنێک و 500 هەزار دۆلار دەکڕنەوە و کردوویانەتە مزگەوت و ناوی مزگەوتەکەشیان کردووە بە مزگەوتی(سەڵاحەددین).

نزیکەی 50 مزگەت کە کوردانی نیشتەجێی ئەو وڵاتە کڕیویانە، لە بەریتانیا هەن، مزگەوتی(سەڵاحەدین) دەکەوێتە شاری (ستۆک ئۆن ترێنت)، نزیکەی 260 کیلۆمەتر لە لەندەنی پایتەختەوە دوورە، زیاترینی سەردانیکارانی ئەو مزگەوتە، ڕەوەندی کوردین و بەشی پیاوان و ئافرەتانی هەیە، هەر لەو مزگەوتە 140 ئافرەت فێری خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز دەکرێن.

محەممەد کەلاری، سەرپەرشتیاری مزگەوتەکە دەڵێت: لە ساڵەکانی 2018 و 2019 شوێنی ئەو مزگەوتەمان کڕی، بەڵام شوێنەکە زۆر گەورە نەبوو، بۆیە شوێنێکی دیکەشمان لە نزیکی شوێنی ئەو مزگەوتە کڕی، کردمان بە شوێنی جیاواز بۆ نوێژی پیاوان و ئافرەتان.

مزگەوتی ڕووناکی لەشاری بێرمینگهام، ڕەوەندی کوردی موسڵمان مزگەوتەکەیان دروستکردووە و خودا پەرستی تێدا ئەنجام دەدەن، لە شوێنێکی تایبەتیش پارە بۆ مزگەوتەکە کۆ دەکەنەوە، هەندێکجار سەرمایدار و خودا پێداوان لە کوردستانەوە هاوکاریی دارایی بۆ ئەو مزگەوتە دەنێرن.

حاجی ئارام محەممەد، بەڕێوەبەری کارگێڕی مزگەوتی رووناکی  بێرمینگهام گوتی: خێرخوازان لە بەریتانیا و کوردستانەوە هاوکاریی دارایی مزگەوتەکە دەکەن، مزگەوتەکەش تەنها شوێنی خودا پەرستی نییە، بەڵکو سەنتەرێکی کۆمەڵایەتییە و زۆربەی چالاکییەکانی ڕەوەندی کوردستانی لەو مزگەوتە ڕێک دەخرێت.

مزگەوتێکی دیکەی کوردان بەناوی برایەتی هەر لە بێرمینگهام دروستکراوە، لە شاری ویلڤەر هامتۆن، کوردانی بەریتانیا مزگەوتێکیان بەناوی تەقوا دروستکردووە، پێشتر شوێنی مزگەوتەکە یانەی شەوانە بووە، کوردانی ئەو شارە لە مەزادی ئاشکرا کڕیوویانەتەوە و کردوویانە بە مزگەوت.

هەندێک لەو مزگەوتانە وەک قوتابخانەیەکی کوردیان لێهاتووە، خوێندنی کوردی تێدا دەکرێت و چەندین قوتابی کوردی تێدایە و بە زمانی کوردی دەخوێنن.

محەمەد جەلال- سەرۆكی كۆمەڵەی كوردی لە بەریتانیا  بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند،  47 قوتابخانەی کوردیمان لەنێو مزگەوتەکان دروستکردووە، زۆرینەی مزگەوتەکانیش کەوتوونەتە شاری بێرمینگهام.

نزیکەی دوو هەزار و 600 سەنتەری ئیسلامی و شوێنی نوێژکردن و مزگەوت لە بەریتانیا هەن، نزیکەی 50 لەو مزگەوتانە هی کوردانی دانیشتووی ئەو وڵاتەن.

بەپێی بەدواداچوونەکانی  کوردستان24، لەماوەی 5 ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 1200 یانەی شەوانە لە بەریتانیا داخراون، سەدان لەو شوێنانەش کراونەتە مزگەوت.

 

 

Fly Erbil Advertisment