یەکێتیی خانەنشینان: لە 25 هەزاریان، تەنیا مامەڵەی نزیکەی هەزار خانەنشین تەواو کراوە

لە کۆی 25 هەزار خانەنشین، تەنیا مامەڵەی نزیکەی هەزار خانەنشین تەواو کراوە. گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانیش داوا لە سەرۆکی حکوومەت دەکات، کێشەکەیان بۆ چارە بکات.
دووشەممە، 07-04-2025، سادق شێخ عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان بــــــــە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بە پێی یاسای خانەنشینیی عێراق، ئەمساڵ لە دایکبووانی ساڵەکانی 1962، 1963 و 1964 لە هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان لە 25 هەزار کەس زیاترە، خانەنشین بوون. بە گوێرەی هـــەمان یاسا، دەبێت لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، ئەو فەرمانبەرانەی لە دایکبووی ساڵی 1965ـیشن، لە لایەن دامودەزگاکانیانەوە خانەنشنین بکرێن کە ژمارەیان چەندان هەزار کەسە.
بە گوتەی گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان "تاوەکوو ئێستە تەنها مامەڵەی نزیکەی هەزار خانەنشین لە هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان تەواو کراون و مووچەی سێ مانگیان وەرگرتووە. زیاتر لە 24 هەزار خانەنشنینیش، لەبەر ئەوەی مامەڵەکانیان تەواو نەکراون، لە مانگی 11ـی ساڵی ڕابردووەوە، مووچەیان وەرنەگرتووە، واتا مووچەی هەر چوار مانگی 12، 1، 2 و 3ـێیان وەرنەگرتووە. تاوەکوو مامەڵەکانیشیان تەواو نەبن، ناتوانن مووچە وەربگرن، ئەمەش گوزەرانیان زۆر خراپ کردووە و تووشی چەندان کێشە بوون."
لەبارەی هۆی دواکەوتنی تەواوکردنی مامەڵەی خانەنشینان و خاوبەڕێوەچوونی پرۆسەکە، سادق شێخ عوسمان گوتی: "لە لایەک ڕۆتیناتی وەزارەتەکان و لەلایەکی دیکەش، دەبێت مامەڵەی خانەنشینبوونی فەرمانبەرانی هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان ببرێنە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشیی لە هەولێر، ئەمەش بارگرانییەکی زۆری لەسەر بەڕێوەبەرایەتییەکە دروست کردووە و بووەتە هۆی ئەوەی، تاوەکوو ئێستە بتوانن تەنها مامەڵەی نزیکەی هەزار خانەنشنین تەواو بکەن. بۆ چارەکردنی کێشەکە، پێشنیازمان کردووە، لە نێوخۆی هەر پارێزگایەکدا مامەڵەی خانەنشینان تەواو بکرێن و پێویستی بە هەولێر نەبێت، دواتر هەر پارێزگایەک داتاکانی ڕادەستی وەزارەتی دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە بکات."
گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینان داواشی لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێرێت تاوەکوو پەلە لە تەواوکردنی مامەڵەی خانەنشینان بکەن، چونکە وەکوو خۆی گوتی "دۆخی خانەنشینان لەوپەڕی خراپیدایە."
وەکوو ئەوەی گوتەبێژی یەکێتی خانەنشینان ئاماژەی پێ دا "بە پێی یاسای خانەنشنینی عێراقی، پێویستە مووچەی بنەڕەتی شەش مانگ بە هەر فەرمانبەرێک بدرێت کە بڕیارە خانەنشین ببێت. لە هەرێمی کوردستانیش پێش تەواوبوونی مامەڵەی خانەنیشینی پێدانی ئەو شەش مووچەیە زۆر پێویستە، چونکە زیاتر لە 24 هەزار خانەنشین مووچەی چوار مانگیان وەرنەگرتووە و ئەگەر مامەڵەکان بەم شێوەیە بەڕێوە بچن، دڵنیاین لەوەی تاوەکوو چەند مانگێکی دیکەش ناتوانن مووچە وەربگرن. هیوادارین لە داهاتی ناوخۆ مووچەی بنەڕەتی شەش مانگی خانەنشینان پێش تەواوبوونی مامەڵەکانیان بدرێت."