کتێبی 'ڕەنگدانەوەی بارودۆخی باشووری کوردستان لە بڵاوکراوەی دەنگوباسی کوردستان 1980-1988' چاپ کرا

به‌رگی کتێبی 'ڕەنگدانەوەی بارودۆخی باشووری کوردستان لە بڵاوکراوەی دەنگوباسی کوردستان 1980-1988'
به‌رگی کتێبی 'ڕەنگدانەوەی بارودۆخی باشووری کوردستان لە بڵاوکراوەی دەنگوباسی کوردستان 1980-1988'

كتێبێكی نوێ كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا توێژینه‌وه‌یه‌كی زانستییه‌، لە بارەی ڕەنگدانەوەی بارودۆخی باشووری کوردستان لە بڵاوکراوەی دەنگوباسی کوردستان له‌ لایه‌ن ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان چاپ و بڵاو كرایه‌وه‌.

كتێبی "ڕەنگدانەوەی بارودۆخی باشووری کوردستان لە بڵاوکراوەی دەنگوباسی کوردستان 1980-1988" كه‌ له‌لایه‌ن هاوکار محەممەد محەممەدڕەشید نووسراوه‌، له‌ بنه‌ڕه‌تدا توێژینەوەیەکە لە بارەی ڕەنگدانەوەی بارودۆخی باشووری کوردستان لە بڵاوکراوەکانی دەنگوباسی کوردستان لە نێوان ساڵانی (1980-1988)ـدا کە بە شێوەی بەش، باس و تەوەر ڕێکخراوە، لە پێشەکییەک و چوار بەش و پاشکۆکان پێک هاتووە.

بەشی یەکەمی ئەم كتێبه‌ باسی ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات و سێ تەوەر و هەر تەوەرێک دوو و سێ باس لە خۆ دەگرێت لەبارەی ڕاگەیاندنی پارتی و بەشەکانی، ناوەرۆک و ئامانجەکانی بڵاوکراوەی دەنگوباسی کوردستان، سەرکردایەتیی کاتی پارتی (القیادة المؤقتة) و سەرهەڵدانەوەی شوڕشی گوڵان.

بەشی دووەمی تیشک دەخاتە سەر ڕەنگدانەوەی ڕووداوە سیاسی و سەربازییەکان لە بڵاوکراوەی دەنگوباسی کوردستان، لە دوو تەوەر و هەر تەوەرێک لە سێ باس پێک دێت کە باسی سیاسەتی حکوومەتی بەعس بەرانبەر کوردستان دەکات وەک ڕاگواستن و بە عەرەبکردن و تێکدانی گوندەکان و زیندانیکردن و لەسێدارەدان، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و شاڵاو و ئۆپەراسیونەکانی ئەنفال و سیاسەتیی وڵاتانی هەرێمیی تورکیا، سوریا و ئێران.

بەشی سێیەمی باس لە خەباتی چەکداری هێزی پێشمەرگە بەرانبەر حکوومەتی عێراق لە نێوان ساڵانی (1976-1988) دەکات،  تەوەرێک و چوار باس لە خۆ دەگرێت لە بارەی چالاکی لەشکری شۆڕشگێڕانی کوردستان وەک چالاکی پێشمەرگە و شەڕی پارتیزانی لە نێوان ساڵانی (1976-1979)، چالاکی پێشمەرگە لە نێوان ساڵانی (1980-1988)، چالاکی بەرەی هاوبەش و چالاکی پێشمەرگە لەناو شارەکان.

بەشی چوارەمی ئه‌م كتێبه‌  لە بارەی کاریگەری جەنگیی عێراق ئێران لەسەر باشووری کوردستانە لە نێوان ساڵانی (1980-1988)، دوو تەوەر و هەر تەوەرێک لە سێ باس پێک دێت کە کاریگەریی جەنگ لەسەر باشووری کوردستان وەک دۆخی ئابووری و کاریگەریی جاش و ڕۆشنبیری و هزری نەتەوەیی و خوێندن و پەروەردە، بەسەربازکردن و ناردنی هاووڵاتیان بۆ جەنگیی عێراق - ئێران وەک لایەنی سەربازی و بەزۆرکردنە سەرباز و بارمتە لە خۆ دەگرێت.

پرۆژه‌ی "ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان"، له‌ پێناو ناساندن، كۆكردنه‌وه‌، به‌ دیكۆمێنتكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی مێژوویی كار و خه‌باتی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌ر پێشنیازیی مه‌سرور بارزانی له‌ ساڵی 2014 دامه‌زراوه‌ و له‌ لایه‌ن كه‌ریم قادر سه‌رپه‌رشتیی ده‌كرێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment