لالیگا واز لە بارسێلۆنا ناهێنێت و شەڕەکە گەرمتر دەکات

یانەی بارسێلۆنا
یانەی بارسێلۆنا

ئەنجومەنی لالیگای ئیسپانیا دەستبەرداری دۆسیەی تۆمارکردنی گرێبەستی دانی ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆر هەردوو یاریزانەی یانەی بارسێلۆنا نابێت و دەیەوێت بە هەر نرخێک بێت ڕێگری لە یاریکردنی ئەم دووانەی یانە کەتەلۆنیەکە بکات.

رۆژنامەی وەرزشی مارکای ئیسپانی بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی لالیگا داوایەکی لە دادگایەکی وڵاتەکەی تۆمارکردووە و داوای لە دادوەر کردووە، بڕیارێکی بەپەلە دەربکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی باڵای وەرزش و ڕێگری لە یاریکردنی دوو یاریزاناکەی یانەی بارسێلۆنا بکات.

لە داواکارییەکەیدا لالیگا داوای بڕیاری قەدەغەکردنی بەپەلەی کردووە و ڕایگەیاندووە، ئەم فەرمانە پێویستە بۆ پاراستنی هاوسەنگی و بێلایەنی و تەندروستی دارایی لالیگا و تۆپی پێی یانەکان لە ئیسپانیا.

بەرپرسانی خولی ئیسپانیا پێیوایە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی باڵای وەرزشی چوارچێوەی ڕێکخستنی لالیگا تێکدەدات و زیانێکی زۆر بە کۆنترۆڵی دارایی بەسەر یانەکاندا دەگەیەنێت. لالیگا دەشڵێت، ئەگەر ئەو مەرجانە نەگۆڕدرێن، ئەوا دادپەروەری خولەکە دەخرێتە ژێر پرسیارەوە، بەو پێیەی یانەکانی دیکە بە حەق پێیان وایە کە پرەنسیپی یەکسانی نێوانیان لەبەردەم یاسادا ڕێز لێنەگیراوە.

کێشەکە لەو کاتە سەریهەڵدا، سەرەتای ئەم وەرزە یانەی بارسێلۆنا دانی ئۆڵمۆ و پائو ڤیکتۆری گواستەوە تیپی یەکەمی یانەکەی، ئەو کاتە یانە کەتەلۆنیەکە تووشی کێشەی گەورەی دارایی بوو، هەربۆیە ئەنجومەنی لالیگا رێگری لێکرد بۆ تۆمار کردنی ناوی ئەو دوو یاریزانە، بەڵام دواجار بلاوگرانا لە دادگای باڵای وەرزشی سکاڵایەکی تۆمار کرد و براوەی سکاڵاکە بوو.

 

 
Fly Erbil Advertisment