پێشبێنی دەکرێت نرخی زێڕ زیاتر بەرز بێتەوە

لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی زێڕ، بەشێک لە زێڕنگەران بەهۆی مامەڵەی هەواییەوە مایەپووچ بوون و سەندیکای زێڕینگەرانی هەولێریش هۆشداریی دەدات.

چوارشەممە، 9ـی نیسانی 2025، دانا وەرتی، گوتەبێژی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کاتێک زێڕنگەر زێڕ دەهێنێت، نرخی ئۆنسە بە جۆرێکە و دواتر نرخەکەی بەرزبووەتەوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی چەندین زێڕنگەر تووشی زیانی زۆر ببنەوە، بە تایبەتی ئەو کەسانەی بە شێوەی هەوایی مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی زێڕ دەکەن.

لەلای خۆیەوە، زێڕنگەرێکی هەولێر و بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: جۆرێک لەر مامەڵە لەنێوان بەشێک لە زێڕنگەران پەیدابووە بە شێوەی هەوایی کڕین و فرۆشتنی زێڕ دەکەن.

وەک ئەو زێڕنگەرە باسی دەکات، زێڕنگەر هەبووە بە تەواوی مایەپووچ بووە بەهۆی ئەم جۆرە مامەڵەیە و ئێستا دوکان و کارەکەی نەماوە.

لەماوەی ڕابردوو، نرخی زێڕ بەردەوام لە بەرزبوونەوە دایە، بە جۆرێک نرخی زێڕ لە ساڵێکدا زیاتر لە 200 هەزار دینار چووەتە سەر.

پێشبینییەکان بۆ نرخی مسقاڵێکی عەیار21 بەم شێوەیەن:

دامەزراوەی دارایی و بانکی گۆڵدمان ساکس پێشبینی 694 هەزار دینار تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2025 دەکات.

دامەزراوەی بانک ئۆف ئەمەریکا پێشبینی دەکات لە دوو ساڵی داهاتوو نرخی زێڕ  بگاتە 735 هەزار دینار.

دۆیچە بانکی ئەڵمانی پێشبینی بەرزبوونەوەی زیاتر بۆ نرخی زێڕ دەکات، چاوەڕوان دەکرێت نرخی زێڕ بگاتە  777 هەزار دینار.

لەگەڵ ناجێگیریی لە نرخەکەی، زێر سەلماندوویەتی سەلامەترین و متمانەپێکراوترین سامانە لە جیهان، چەندین شەڕ، قەیرانی دارایی و ئابووریی تێپەڕاندووە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment