ئەمەریکا پێگەکانی حووسییەکانی بۆمباران کرد

میدیاکانی حووسی ڕایانگەیاند، لە بۆمبارانێکی ئەمەریکا بۆ سەر کۆمەڵگەی سەرۆکایەتیی نەهدەین لە شاری سەنعا زیانی گیانی و ماددییان هەیە.

سوپای ئەمەریکا درەنگانی شەوی چوارشەممە، هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگەکانی حووسییەکان لە سەنعا و حودەیدە دەست پێ کرد بەو هۆیەشەوە ژمارەی هێرشەکانی دوێنێ بۆ سەر یەمەن گەیشتە 14 هێرش.

سەرچاوە عەرەبییەکان ڕایانگەیاندووە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا پێگەکانی حووسییەکانیان لە ناوەڕاستی شاری سەنعا بۆمباران کردووە، هەروەها سێ هێرشی ئەمەریکا پێگەکانی حووسییەکانی لە چیای نوقم بۆمباران کرد.

سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە فڕۆکەکانی ئەمەریکا کۆگا و تونێل و سەربازگەی حووسییەکان لە جومەیمە بۆمباران کردووە.

ئەو سەرچاوانە ئەوەشیان گوت: هەڵمەتەکانی دیکەی ئەمەریکا پێگەکانی حووسییەکانیان لە بەنی حەشیش لە باکووری سەنعا بۆمباران کردووە، میدیای حووسیش  پشتڕاستیان کردۆتەوە، چوار هێرشی ئاسمانیی  کراوەتە سەر ناوچەی ڕەجام لەشارۆچکەی بەنی حەشیش سەر بە پارێزگای سەنعا.

هەروەها میدیای حووسی بڵاویان کردەوە، لە هێرشێکی فڕۆکەکانی ئەمەریکا بۆ سەر کۆمەڵگەی سەرۆکایەتیی نەهدەین، لە ناوچەی سەبعین لە شاری سەنعا، سێ کەس کوژراون.

لە حودەیدە، سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە "هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا پێگەکانی حووسییەکانیان لە دوورگەی کامەران بۆمبارن کردووە.

نەتەوە یەکگرتووەکان خەرجییە لۆجستی و ئەمنییەکانی لە ناوچەکانی ژێر دەستی حووسییەکان کەم کردووەتەوە.

هەروەها حووسییەکان دوێنێ چوارشەممە ڕایانگەیاند "ژمارەی کوژراوان لە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر حودەیدە لە ڕۆژئاوای کەناراوەکان بۆ 12 کەس بەرزبووەتەوە."

حووسییەکان دوای سەرهەڵدانی شەڕ لە غەززە لە ئۆکتۆبەری 2023ـەوە دەستیان کرد بە لێدانی کەشتییەکانی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن و هەروەها خاکی ئیسرائیل، بەڵام دوای ئەوەی ئاگربەستێک لە کەرتی غەززە لە مانگی یەکدا کەوتە واری جێبەجێکردنەوە، هێرشەکانیان ڕاگرت.

هەڵمەتە نوێیەکەی ئەمەریکا دوای هەڕەشەکانی حووسییەکان هات کە هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو کەشتیانەی بە دەریای سووردا تێ دەپەڕن دەست پێ دەکاتەوە.

هێرشەکانی حووسییەکان ڕێڕەوێکی دەریایی گرنگی تێک داوە کە نزیکەی 12%ـی کەشتییە جیهانییەکان پێیدا هاتووچۆ دەکەن، ئەمەش زۆرێک لە کۆمپانیاکانی ناچار کردووە بە ڕێگەی دوورتردا هاتووچۆ بکەن.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment