کۆشکی سپی: کۆی باجەکانی سەر چین گەیشتووەتە سهدا 145

لەگەڵ ئەوەی بڕیاری سەپاندنی باجە گومرگییەکانی بۆ ماوەی سێ مانگ لەسەر ژمارەیەک وڵات هەڵپەسارد، بەڵام کۆشکی سپی دەڵێت: باجە گومرگی لەسەر چین زیاتربووە
پێنجشەممە، 10ـی نیسانی 2025، کۆشکی سپی ڕایگەیاند: کۆی باجەکانی سەر چین گەیشتووەتە 145% ئەمە لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو: باجی گومرگی لەسەر چین گەیشتووەتە 125%.
دوای کەمتر لە 24 کاتژمێر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاری سەپاندنی باجە گومرگییەکانی لەسەر وڵاتان بەدەر لە چین، بۆ ماوەی سێ مانگ هەڵپەسارد.
چوارشەممە 9ـی نیسانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵاتی تروس، بڵاوی کردەوە، لەبەرئەوەی چین ڕێز لە بازاڕە جیهانییەکان ناگرێت، لێرەوە ئەو باجە گومرگییە زیاد دەکەم کە لەلایەن ئەمەریکاوە بەسەر چیندا سەپێنراوە لە 104%ـەوە بۆ 125%، کە دەستبەجێ کاریگەر دەبێت.
هاوکات، ترەمپ هیوای خواستبوو، لە داهاتوویەکی نزیکدا چین درک بەوە بکات کە ڕۆژانی دادۆشینی ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە کۆتایی پێ هاتووە.
سەرۆکی ئەمەریکا ڕوونی کردبووهوه، بڕیاری زیادکردنی باجی گومرگی دەستبەجێ دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە. ههروهها گوتبووی: زیاتر لە 75 وڵات پەیوەندییان بە نوێنەرانی ئەمەریکاوە کردووە، بۆ دانوستان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاستەنگە بازرگانییەکان، گومرگی و دەستکاریکردنی دراو.
سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشابوو، هەر وڵاتێک کاردانەوەی نەبێت لە بەرانبەر باجە گومرگییەکانی ئەمەریکا، ئەوا باجی گومرگییان تا 90 ڕۆژ لەسەر هەڵدەگیرێت.