کەشناسیی هەرێم: شەپۆلێکی باران ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکات ئەمڕۆ دووشەممە و سبەی سێشەممە، شەپۆلێکی باران نانوچەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە، لەناوچە شاخاوییەکانیش ئەگەری بەفربارین هەیە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت، لە ئەنجامی هاتنی نزمە پاڵ پەستۆی دەریای سوور و تێكەڵ بوونی بارستە هەواییەكی سارد، لە ڕۆژی دووشەممە، 14-4-2025، ئاسمانی هەرێم هەورو نیمچە هەور دەبێ، باران بەشێوەی نمە باران و بارانی مامناوەند لە ناوچەی جیا جیاکان دەبارێت، هەروەها كاریگەری ئەم شەپۆڵە لە شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە زیاد دەبێت، هەروەها ئاستی دابارین مامناوەند و هەندێ كات لێزمە باران و هەورە تریشقەش دەبێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ زیاد بوونی كاریگەریی نزمە پاڵە پەستۆی دەریا سوور، پێشبینی دەکرێت، لە ڕۆژی سێ شەممە، 15-4-2025، شەپۆلی باران فراوان و زیاتر دەبێت، لە سەرجەم ناوچەكان باران دەبارێت، لەدرەنگانی شەوی سێ شەممە لەسەر چوار شەممە، كاریگەری ئەم شەپۆلە كۆتای دێت، هەروەها پێشبینی زیاد بوونی خێرایی باو تۆز و خۆڵ دەکرێت، ئەگەری بارینی بەفرێكی كەمیش لەسەر لووتكەی ناوچە شاخاوییە سنوورییەكان هەیە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی
هەولێر : 13 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 12 پلەی سیلیزی
دهۆک : 11 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 14 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 12 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 16 پلەی سیلیزی
سۆران : 7 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : سفر پلەی سیلیزی
گەرمیان :21 پلەی سیلیزی
لەلایەکی دیکەوە دەستەی کەشناسی عێراق کەشوهەوای ڕۆژانی داهاتووی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت کەشوهەوای ئەمڕۆ دووشەممە، نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو بێت، هەروەها بارانی بەخوڕی ناوبەناو لە هەندێک ناوچەی ئەنبار و دهۆک و سلێمانی دەبێت، هاوکات پلەکانی گەرماش لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای عێراق کەمێک نزم دەبێتەوە. بەڵام لە شارەکانی ناوەڕاست و باشوور بەرز دەبنەوە.
سەبارەت بەکەشوهەوای سبەی سێشەممە، لە ناوچەکانی ناوەڕاستی عێراق و هەرێمی کوردستان نیمچە هەور بۆ هەور دەبێت، بارانی سووک بۆ مامناوەند دەبێت لەو ناوچانە، بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکان زیاد دەکات، ھاوکات پلەکانی گەرما لە سەرتاسەری وڵات نزم دەبێتەوە.