سبەی کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ لە ڕێگەی نێوان دهۆک و زاخۆ دەخرێنە کار

سبەی کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ لە ڕێگەی نێوان دهۆک - زاخۆ دەکەونە کار و گوتەبێژی هاتوچۆی زاخۆش دەڵێت: لە پێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتییانە و دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ.
دووشەممە، 14ـی نیسانی 2025، محەممەد سلێمان گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی زاخۆ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە سبەی سێشەممەوە کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ لە ڕێگەی نێوان زاخۆ - دهۆک دەخرێنە کار و خێرایی لێخوڕین لە هەر کاتژمێرێکدا بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەت و بچووک 100 کیلۆمەتر و بۆ بارهەڵگرەکانیش 80 کیلۆمەترە.
گوتیشی: مەبەست لە دانانی کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆیە، پێشووتر ئەزموونی دانانی کامێراکان لە ڕێگەی نێوان هەولێر - دهۆک دەریخستتووە، کە ڕووداوەکانی هاتوچۆ کەم بووەتەوە، هەربۆیە پێشبێنی دەکەین بە دانانی کامێرای دیکە لەو شوێنانەی پێویستن، ڕووداوەکان زیاتر کەم بکەنەوە.
گوتەبێژی هاتوچۆی زاخۆ ئاماژەی بەوەش کرد، لە ڕێگەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە 10شوێن 20 کامێرای خاڵ بۆ خاڵ داندراون.