یانەی دهۆک دەیەوێت مێژوو تۆمار بکات

یانەی وەرزشی دهۆک
یانەی وەرزشی دهۆک

سبەی سێ شەممە 15ـی نیسانی 2025 رۆژێکی مێژوویی دەبێت بۆ یانەی دهۆک و ئەو یانەیە لە یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو، لە یاریگای خۆی بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی کۆتایی پاڵەوانێتیەکە، رووبەڕووی یانەی قادسیەی کوێت دەبێتەوە.

یەکەمجارە لە مێژووی عێراق و کوردستان یانەیەکی کوردی بگاتە یاری کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو. یانەی دهۆک ئەو شانازی و مێژوویەی تۆمار کردووە و نزیکە لە نوسینەوەی مێژوو. یانەکەی بادینان لە یاری چوونی پاڵەوانێتیەکە و لە دەرەوەی یاریگای خۆی، بەرامبەر رکابەرە کوێتیەکە یەکسانبووە و هەڵێکی زێڕینی لەبەردەمە، بۆ ئەوەی بتوانێت بۆ یەکەمجار لە مێژوو ناسناوەکە بباتەوە.

یانەی دهۆک ئەم وەرزە لە کۆی شەش یاری قۆناغی کۆمەڵەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو، لە کۆی شەش یاری دوو بردنەوە و سێ یەکسانبوون و دۆڕانێک تۆمار بکات و بە کۆکردنەوەی 9 خاڵ، وەکو دووەمی کۆمەڵەی یەکەم گەیشتە قۆناغی دووەم.

یانەکەی بادینان لە قۆناغی دووەمی پاڵەوانێتیەکە توانی ئەنجامێکی گەورە و مێژوویی تۆمار بکات و بە بردنەوەی لە هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوە بەرامبەر یانەی ئیتیفاقی سعوودی، بلیتی قۆناغی پێشکۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو بەدەست بهێنێت و ئێستاش کێبڕکێیەکی بەهێز لەسەر بەدەستهێنانی ناسناوەکە دەکات.

خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1982 دەستیپێکرد و لەو کاتەوە هیچ یانەیەکی عێراقی و کوردی بەشداری پاڵەوانێتیەکەی نەکرد، تاوەکو ئەمساڵ بۆ جاری یەکەم یانەی دهۆک بەشداری کرد و توانی بگاتە یاری کۆتایی.

 

 

 

 

 

 
 

 

Fly Erbil Advertisment