پلاندانانی هەرێمى كوردستان: ڕاستیيەکانمان بۆ نوێنەری بژمێرەکانی سهرژمێریی ڕوون کردووهتهوه

وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی ههرێمی كوردستان له ڕوونكردنهوهیهكدا لەبارەی گردبوونەوە و داواکاريی بژمێرەکان ئاماژه بهوه دهكات، زیاتر لە چەند جارێک نوێنەری بژمێرەکان سەردانی دەستەی ئاماری هەرێم و بەڕێوەبەرایەتیيەکانی ئامار لە پارێزگه و ئیدارە سەربەخۆکانیان کردووە و بە وردی ڕاستیيەکانیان بۆ ڕوون کراوەتهوه.
دووشهممه، 14ـی نیسانی 2025، وەزارەتی پلاندانانی حكوومهتی هەرێمی ههرێمی كوردستان ڕوونکردنەوە و ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردهوه و تێیدا سوپاس و پێزانی بۆ سەرجەم بژمێر و بەڕێوەبەر و یاریدەدهرەکان دووپات كردووهتهوه، کە توانیيان لە پرۆسەی سەرژمێريی گشتیی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە کارەکانی خۆیان لەگەڵ تیمەکانمان لە دەستەی ئاماری هەرێم و بەڕێوەبەرایەتيی ئاماری شار و شارۆچکە و ئیدارە سەربەخۆکان ئەنجام بدەن.
وەزارەتی پلاندانانی حكوومهتی هەرێمی ههرێمی كوردستان لهبارهی گردبوونهوهیهكی مهدهنییانهی سەرجەم بژمێرەكان بۆ بەدەنگەوەچوونی داواکاری و داخوازيیهكانیان كه ئهمڕۆ دووشهممه، بهڕێوه چوو، دهڵێت: بە پێویستی دەزانین ڕوونکردنەوەیەک بڵاو بکەینەوە، کە ئەم بەیانیيە گردبوونەوەیەکی مەدەنیيانەیان ئەنجام دا و پەیام و داواکارییەکانیان گەیاند.
وەزارەتی پلاندانانی حكوومهتی هەرێمی ههرێمی كوردستان ئاماژهی بهوه كردووه، زیاتر لە چەند جارێک نوێنەری بژمێرەکان سەردانی دەستەی ئاماری هەرێم و بەڕێوەبەرایەتیيەکانی ئامار لە پارێزگه و ئیدارە سەربەخۆکانیان کردووە و بە وردی ڕاستیيەکانیان بۆ ڕوون کراوەنهتهوه، سەبارەت بە چۆنیيەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم داواکارییە و وەڵامەکانی بەغدا.
وەزارەتی پلاندانان به پێویستیشی زانیوه چهند خاڵێك بخاته ڕوو، كه ئهمانه گرنگترینیانن:
- وەک هەموومان دەزانین هەرێمی کوردستان تا سەرەتای مانگی تشرینی دووەمى ساڵی ڕابردوو (2024)، بڕیاری کۆتایی نەدابوو كه بەشدار بێت لە سەرژمێريی لە عێراق، لەبەر بوونی ناڕوونی لەسەر میکانیزمی سەرژمێری لە ناوچەکانی ماددەی 140 و ژمارەیەک لە تێبینی ديكه و جێبەجێ نەکردنی داواکاریيە ڕەواکان لە حکومەتی هەرێم بۆ دڵنیابوون لە شەففافیەتی ئەو پرۆسەیە.
دوای بڕیاردان بۆ جێبەجێکردن و ئەنجامدانی پرۆسەکە، لە ڕێكهوتى 6/11/2024 پۆرتاڵی ئەلیکترۆنيی تایبەت بە هەڵبژاردنی بژمێرەکان کەوتە کار بۆ ماوەی (72) کاتژمێر، تاوەکوو ئەوەی ئارەزووی هەیە بەشدار بێت لە هەڵسەنگاندنەکە بەپێی ئەو خاڵانەی ڕاگەیەندران.
- دواتر لە ڕێكهوتى 10 تاکوو 12/11/2024 پرۆسەی هەڵسەنگاندن و هەڵبژاردنی ئەلیکترۆنی، بە شێوەیەکی زۆر ڕوون تەواو بوو. لەو پرۆسەیە، له كۆى 68 ههزار داواكارى، نزيكهى 19 هەزار بژمێر هەڵبژێردران، کە لهپێشينه درا بە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگهکانی بێکار، تاکوو سوودمەندبن لە شایستەداراییەکان کە لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵهوه بۆ سەرژمێری تەرخان کرابوو.
ئەوەی جێگەی باسە کە تەنانەت یەک سکاڵاش لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی بژمێرەکان نەبوو، کە دەستکاری کرابێت، ئەمەش دڵنیایی دا کە پرۆسەکە بە شێوەیەکی تەواو ڕێکوپێک ئەنجام دراوه.
- لە ڕێكهوتى 13 تاکوو 16/11/2024 دەست بە ڕاهێنانی بژمێرە هەڵبژێردراوەکان كرا و لە 17/11/2024 دەستیان بە کاری مەیدانی کرد و بەردەوام بوون تاکوو 15/12/2024 لەم خاڵانەی سەرەوە دەردەکەوێت کە ماوەی کاری فعليی بژمێرەکان بە ڕاهێنانەوە 32 ڕۆژ بوو، بەڵام وەک چۆن پرۆسەی بەگرێبەستکردن دەکرێت، ماوەکەی بۆ دوو مانگ داندرا، تاکوو ئەگەر پێویست بوو کاری زیاتر ئەنجام بدرێت، ئەو بژمێرانە بەردەوام بن لە کار، بۆیە کە پرۆسەکە لە 15/12/2024 کۆتايى هات، بەپێی بڕیاری وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ، بە هەمان شێوە لە وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێم، کۆتایی بە کارەکانی بژمێرەکان هێندرا.
- بۆ ئەو ماوەیە، تەواوی بژمێرەکان لە سەرانسەری هەرێمى كوردستان، شایستەکانیان وەرگرت کە جگە لە شایستەی کار، دەڕماڵەی ڕاهێنانيشيان پێ درا.
- لە سۆنگەی هەستکردن بە ئەرک و ماندووبوونی بێوێنەی بژمێرەکان، لە هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی پرۆسەی سەرژمێری بە شێوەیەکی جوان و ڕێکوپێک وەزارەتى پلاندانانى ههرێم لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ لەسەر تەرخانکردنی گوژمەیەکی تر بۆ بژمێرەکان کەوتە گفتوگۆ.
بۆ ئەوەی بتوانین قەرەبووی کەمێک لەو ماندووبوونەیان بکەین. لە سەردانی شاندی وەزارەتمان بە سەرۆکایەتيی بریکاری وەزارەت بۆ بەغدا ڕۆژی 29/1/2025 کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری پلاندانانی فیدڕاڵ و ئەو داوایەیان پێشکەش کرد. وهزيرى پلاندانانى فيدڕال وێڕای دەستخۆشی له شاندى وهزارهت کە توانیمان لە ماوەیەکی زۆر کورت ئامادەکاری بکەین بۆ سەرژمێری، ئەرک و ماندوبوونی بژمێرەکانى لە هەرێم بەرز نرخاند و ئاگهداری سەرۆکی دەستەی ئاماری فیدڕاڵى کرد کە ئەم داواکارییە قبووڵە و پێویستە گوژمەیەکی ديكهى بودجە بۆ بژمێرەکانی هەرێمى كوردستان تەرخان بکرێت. لەوکاتەوە وەزارەتمان لە پەیوەنديی بەردەوامدايه لەگەڵیان بۆ جێبەجێکردنی ئەم خاڵە و بەردەوامین ڕۆژانە تا جێبەجێ دەکرێت.
- جگە لەوە، پێویستە بڵێین کە هێشتا شایستەی داراییى ديكه ماوە کە نەدراوە لە لایەن وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵەوە بۆ دەستەی ئاماری هەرێم و بەڕێوەبەرایەتیيەکان، کە ئەم پرۆسە گەورەیەى بەڕێوە برد و بەرپرسیاریيەتیەکی گەورە بوو بەسەرکەوتوویی بەڕێوە چوو.
- دوا خاڵ سەبارەت بە داواکاريی دامەزراندنی ئەو بژمێرانە، لە چوارچێوەی بەرپرسیاریەتيی وەزارەتمان نییە، بەڵام لە بوونی دەرفەت بۆ دامەزراندن لە یاسای بودجەی فیدڕاڵ و بەشی هەرێم هەبێت تیایدا دەتوانن لە ناو کێبڕکێی دامەزراندن بن و بەشداریکردنیان لە سەرژمێری دەبێتە خاڵێکی بەهێز بۆیان.
وەزارەتی پلاندانانى ههرێم دووپاتی دەکاتەوە کە نەک ئەم داواکارییەى پشتگوێ نەخستووە، بەڵکوو بەردەوام بەدواداچوون دەکات، بۆ ئەوەی بە زووترین کات شایستەکانی هەرێم پێمان بگات.