بافڵ تاڵەبانی بۆ کوردستان24: لەگەڵ پارتی لەسەر پرەنسیپی حوكمڕانی ڕێك كەوتووین

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە پەراوێزی نۆیەمین دیداری سلێمانی، لە ستۆدیۆی کوردستان24 باسی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران و دانوستانەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
ھەڤپەیڤینە تایبەتەکەی كوردستان24 لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی ئەمڕۆ كاتژمێر 6ی ئێوارە پەخش دەکرێت، دەڵێت: گفتوگۆکانمان لەگەڵ پارتی باشە و بەردەوامە و تاوەکوو ئێستا بە باشی دەڕوات، لەسەر پرەنسیپی حوکمڕانی ڕێك كەوتووین و لەمەودوا گفتوگۆکان دەچێتە نێو وردەکارییەکان.
گوتیشی: لەمە دڵخۆشتر ئەوەیە، توانیومە چەند جارێک لەگەڵ سەرۆک وەزیران کۆ ببینەوە، لە كۆبوونەوەكانیشم لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی ھەرێمی كوردستان لێگەیشتنی زیاتر هەیە.
سەبارەت بە ھەڵبژاردنی خوولی نوێی پەرلەمانی عێراق، سەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاند، گرنگە لایەنە كوردییەكان بە یەك لیست بەشداری لە ھەڵبژاردنەكان بكەن و دەشڵێت: لە كۆبوونەوەی داھاتووی لەگەڵ مەسرور بارزانی مەبەستمە ئەم بابەتە باس بکەم.