وەزیری ژینگەی عێراق: عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی بەشێوەیەکی زۆر چڕ کاریگەریی گۆڕانی کەش و هەوای لەسەرە

وەزیری ژینگەی عێراق دەڵێت، کاریگەریی گۆڕانی کەش و هەوا لە عێراق زۆر دیارە و هەرێمی کوردستان بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەی کاریگەریی کەمتری لەسەرە.
چوارشەممە، 16ـی نیسانی 2025، هەڵۆ عەسکەری، وەزیری ژینگەی عێراق، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کوردستان24، ڕایگەیاند: ئەگەر بتوانین ژینگەی وڵاتەکەمان بە پاکی ڕابگرین قورسایی لەسەر حکوومەت کەم دەکەینەوە، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی بەشێوەیەکی زۆر چڕ کاریگەری گۆڕانی کەش و هەوای لەسەر دیارە.
وەزیری ژینگەی عێراق باسی هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگەی عێراق دەکات و دەڵێت: بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، کەمیی باران، هەڵکشانی بە بیابان بوون، کەمبوونەوەی ڕێژەی سەوزایی، بەکارهێنانی ئاو بەشێوەیەکی خراپ، ئەمانە هۆی سەرەکیین بۆ پیسبوونی ژینگەی عێراق.
وەزیری ژینگەی عێراق، باسی لەوەش کرد، کەرتی پیشەسازی لە عێراق پابەند نییە بەڕێوشوێنەکانی پاراستنی ژینگە، ئەمەش هۆیەکی دیکەیە بۆ پیسبوونی ژینگەی عێراق، بەڵام هەرێمی کوردستان بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیاکەی، کەمتر کاریگەریی گۆڕانی کەش و هەوای لەسەرە.
پێشووتریش، سه‌باره‌ت به پیسبوونی ژینگه و هه‌وای عێراق، جاسم عه‌بدولعه‌زیز حه‌مادی، بریكاری تەکنیکی وه‌زاره‌تی ژینگه‌ی عێراق ڕایگه‌یاندبوو "وێستگه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با كه به نه‌وتی ڕه‌ش كار ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ كارگه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی چیمه‌نتۆ و به‌رهه‌مهێنانی كه‌رپوچ كه له ده‌وروبه‌ری بەغدان، ژینگه‌ی شارهكەیان پیس كردووه."
گوتیشی: "سووتاندنی پاشماوه‌كانی مرۆڤ و كارگه‌كانیش هۆیەكی دیكه‌ی پیسبوونی ژینگه و هه‌وان."