کۆمپانیایەک لەسەرتاسەری کوردستان وێستگەی بارگاویکردنەوەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی دادەنێت

لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەوڵەکان بۆ پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان ،چڕ کراونەتەوە. لەم رۆژەدا لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان جەخت لە هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی ژینگە و سروشت دەکەنەوە و بەردەوامن لە جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی کەمکردنەوەی زیانەکانی گۆڕانی کەشوهەوا. لەم ڕوانگەیەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەند بووە بە گۆڕینی گوتار بۆ کردار بە هاوبەشیی لەگەڵ کۆمپانیا ناوخۆیی و نێودوڵەتییەکان .
هاتووچۆ لەسەر شەقامەکانی هەولێر بەدەگمەن دەوەستێت، لەگەڵ ئەوەشدا پیس دەبێت، بەهەزاران ئۆتۆمبێلی بەنزین کاردەکەن، کە بوونەتە هۆی پیسبوونی ژینگە، لە بەرانبەردا هەوڵەکان بەردەوامن بۆ کەمکردنەوەی هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە؛ یەکێک لەو ئاسانکارییە بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی کارەباییە، ئەمەش وەک جێگرەوە بۆ ئۆتۆمبێلی بەنزین.
ئێستا کێشەی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان نەبوونی شوێنی پێویستە بۆ بارگاوی کردن. عەبدولعەزیز، دەیەوێت ئەو کێشەیە چارە بکات و وێستگەی بارگاویکردنی ئۆتۆمبێل لە سەرتاسەری کوردستان دابنێت، وەکو یەکەم کۆمپانیای بارگاویکردنی ئۆتۆمبێل لەدەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان وەرگرتووە.
عەبدولعەزیز عەبدولرەحمان، دامەزرێنەر و بەرێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "قۆناغی یەکەمی پرۆژەکەمان لە شاری هەولێر دەست پێ دەکەین، هەروەها بەگوێرەی پلانەکانمان هەولێر دابەشی سەر سێ زۆن دەکەین، زۆنی یەکەم ناوەندی شار و شەقامی 40 مەتری دەگرێتەوە، چەند وێستگەیەکی بارگاویکردنەوەی ئۆتۆمبێل دادەنێین."
ئاماژەی بەوەش کرد "نویترین سیستەم دادەنێین، کە لە کاتژمێرێکدا 150 تا 300 کیلۆوات دەگرێتەوە، واتە لە 40 خولەک تا کاتژمێرێک و نیو، ئۆتۆمبێلەکە لە سفرەوە دەبێتە 100."
بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان هەر ئۆتۆمبێلێک کە سوتەمەنی بەکاردەهێنێت ساڵانە نزیکەی 4.5 تۆن گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بەرهەم دەهێنێت، ئەگەر لە کوردستان 1000 ئۆتۆمبێلی سووتەمەنی بکەینە کارەبایی، ئەوا چوار ملیۆن و نیو تۆن گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، لە ناو ژینگەی کوردستان کەم دەبێتەوە.
زۆرێک لە ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان پەنایان بۆ وەبەهێنانی کارەبا لە ڕێگەی وزەی خۆر بردووە، کە ئەمەش هۆیەکی دیکەیە بۆ پاکبوونەوەی ژینگە. بەشێک لە کۆمپانیاکانیش ڕوویان لە وزەی نوێبووەوە کردووە، لەپێناو کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی.
لەو ڕووەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەنگاوی باشی ناوە و ئاسانکاریی زۆری بۆ کۆمپانیا و هاووڵاتییان کردووە، هاوکات چەندین پرۆژەش بۆ زیادکردنی ڕێژەیی سەوزایی لە شار و شارۆچکەکاندا جێبەجێ دەکرێن.
لەو بارەوە لوقمان شێروانی، ئەندامی لێژنەی سەوزکردنی کوردستان گوتی: "ئەگەر ئێمە بە شێوەی کۆن بەرهەمهێنان بکەین، ناتوانین پارێزگاری لە ژینگەی کوردستان بکەین، بۆیە ئیستا کۆمەڵێک دەرفەت هەیە، وەک پێدانی قەرز لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە بۆ هاووڵاتیان، کە دەتوانن ئەو قەرزە بۆ دابینکردنی وزەی خۆر وەربگرن."
پاراستنی ژینگە یەک لەکارە هەرە لە پێشینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، بۆیە هەر بازرگانێک ئۆتۆمبێلی کارەبایی هاوردە بکات بەڕێژەی 100% لێخۆشبوونی باجی گومرگی بۆ دەکرێت، بەڵام ئەمە تەنیا ئەرکی دامەزراوە فەرمییەکان نییە، بەڵکو هۆشیاری و تێگەیشتنی هاووڵاتیانیش بۆ پرسەکە، ڕۆڵێکی کاریگەر لە بەدیهێنانی ئەو ئامانجە گەورەیەدا دەبینێت.