وەزیری بەرگریی سعوودیە پەیامی شای وڵاتەکەی گەیاندە خامنەیی

وەزیری بەرگریی عەرەبستانی سعوودیە دوات 37 ساڵ، بە سەردانێک گەیشتە تاران و پەیامی شای وڵاتەکەی گەیاندە عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران.
ئاژانسی ئیرنا بڵاوی کردووەتەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ـی نیسانی 2025، شازادە خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگریی سعوودیە بۆ گەیاندنی پەیامی شای وڵاتەکەی لە تاران سەردانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێرانی کرد، بێ ئەوەی هیچ زانیارییەک لە بارهی ناوەرۆکی پەیامەکە ئاشکرا بکرێت. هاوكات خامنەیی ڕایگەیاندووە، ئەم پەیوەندییە بۆ بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات سوودی دەبێت و دەکرێت بە تەواوکاریی یەکتری بناسرێت.
ڕێبەری باڵای ئێران ڕاشیگەیاندووە، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی تاران و ڕیاز دوژمنێکی زۆری هەیە و دەبێت مەرامی دوژمنەکان جلەوگیر بکرێن و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بۆ هەر هەنگاوێکی لەم جۆرە ئامادەیە.
هەر بە گوێرەی هەواڵەکەی ئیرنا، عەلی خامنەیی ئاماژەی بە پێشکەوتنەکانی وڵاتەکەی داوە و ڕایگەیاندووە، کۆماری ئیسلامیی ئامدەیە هاوکاری سعوودیە بکات. دەشڵێت: برایەتیی هەردوو وڵات و هاوکاریی یەکتری باشترە لەوەی یەکێکیان پاڵ بە وڵاتانی دیکەوه بدات.