سەدان خێزانی ئاوارەی عێراقی لە كەمپی هۆل گەڕێندرانەوە وڵاتەكەیان

سەدان خێزانی دیكەی ئاوارەی عێراقی، كە ژمارەیان لە 865 كەسە لە كەمپی هۆل گەڕێندرانەوە وڵاتەكەیان، لەكاتێكدا ئەوان باس لە مەینەتییەكانی 7 ساڵی ئاوارەییان دەكەن، بەرپرسانی كەمپەكەش جەخت دەكەنەوە، هەوڵەكان لە نێوان ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای كوردستان و حكوومەتی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی تەواویی ئاوارە عێراقییەكان بەردەوامن.
دوای تێپەڕبوونی 7 ساڵ بەسەر ژیانی ئاوارەییدا، نۆیەم كاروانی ئاوارەكانی عێراق لە كەمپی هۆلی ڕۆژئاوای كوردستان بۆ كەمپی جەدعە لە سنووری پارێزگای نەینەوا گەڕێندرانەوە، هاوکات باس لە مەینەتییەكانی ناو ئەو كەمپە دەكەن، وەك جەخت دەكەنەوە، هەر چۆنێك بێت، ژیان لە وڵاتەكەیان خۆشترە وەك لە دۆخی ئەو كەمپەی، ململانێیەكی توندی دەمارگیر لە نێوان دانیشتووانەكەیدا هەیە.
حەنین جاسم، ئاوارەی عێراقی لە كەمپی هۆل، ڕایگەیاند: "7 ساڵمان لێرە تێپەڕاند، ئێمە بێزار بووین، نە خێزان و نەهیچ شتێكمان لێرە نییە، تەنانەت هاوسەریشم نییە، دەمانەوێت بگەرێینەوە عێراق، منداڵەكانمان لە خوێندن بێبەش بوون. دەزانین ئایندەی ئێمە رووخا، بەڵام بۆچی هی منداڵەكانیشمان لەناو بچێت؟ دەمانەوێت بگەڕێنەوە عێراق و ژیان لەوێ باشترە وەك لێرە."
لەلایەکی دیکەوە ساڵح ئەحمەد، ئاوارەی عێراقی لە كەمپی هۆل، گوتی: "زۆر هەست بە ئاسوودەیی دەكەم كە دوای 7 ساڵ لە مەینەتییەكانی ئێرە دەچمە دەرەوە و دەگەڕێمەوە وڵاتەكەم، لێرە لەناو كەمپەكە و دەرەوەی كەمپەكەش لە سووریا ململانێیەكی زۆر لەگەڵ داعش و ئەوانی دیكەدا هەیە، مینەتییەكانیشمان زۆر گەورە بوون."
لەكاتێكیشدا ئەمە نۆیەم كاروانی گەڕاندنەوەی ئاوارە عێراقییەكانە لە كەمپی هۆل بۆ وڵاتەكەیان، بەگوتەی بەرپرسانی ئەو كەمپە، كاروانی ئەم جارەش زیاتر لە 240 خێزان لەخۆ دەگرێت، كە لە 865 كەس پێكهاتوون و جەختیش دەكەنەوە، هەوڵەكان بۆ گەڕاندنەوەی تەواوی ئەو عێراقیانە بەردەوامن، كە لەو كەمپەدا ماون.
لەم بارەیەوە شوكری حاجی، سەرۆكی نووسینگەی گەڕاندنەوەی ئاوارەكان لە كەمپی هۆل، دەڵێت: لە دەستپێكی ساڵی 2025ـەوە ئەو عێراقییانەی ڕەزامەندیی گەڕانەوەیان بۆ گەڕاوەتەوە، كەمپی هۆل جێ دەهێڵن، ئەمە نۆیەم كاروانی گەڕاندنەوەیانە و كۆی خێزانەكان بریتین لە 241 خێزان، كە لە 865 كەس پێكهاتوون، هەوڵەكانیش بۆ گەڕاندنەوەی خێزانە عێراقییەكانی دیكەش بۆ وڵاتەكەیان لەنێوان ئیدارەی خۆسەر و حكوومەتی عێراق بەردەوامن.
بەشی سەرەكی كەمپی هۆل نزیكەی 16 هەزار عێراقی و 15 هەزار هەڵگری ڕەگەزنامەی سووری لەخۆ دەگرێت، لەكاتێكدا بەشێكی دیكە كە بە پاشكۆی هۆل دەناسرێت و لەژێر پاسەوانییەكی زۆر توند دایە، 6 هەزار و 500 هەڵگری ڕەگەزنامەی 42 وڵاتی جیاواز لەخۆ دەگرێت و زۆربەیان لە هاوسەر و منداڵانی چەكدارانی داعش پێكهاتوون و بە توندڕەوترین و مەترسیدارترین لایەنگری داعش دادەنرێن.