گرووپێکی گەشتیاری ئەڵمان سەردانی ناوچە گەشتیارەکانی کۆیەیان کرد

گرووپێکی گەشتیاری ئەڵمان سەردانی شاری کۆیەیان کردووە و شوێنە گەشتیاریی و مێژوویی و ئاینییەکان بەسەر دەکەنەوە.

ئیسماعیل عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری کۆیە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە ڕێگەی ئەو هەماهەنگییەی نێوان ئێمە ئەو کۆمپانیانەی کە گەشتیاران لەدەرەوە دەهێنن، ئەمڕۆ 20 گەشتیاری ئەڵمان سەردانی کۆیەیان کرد.  ئەو گەشتیارانە گوتیان: ئەوەی ئێمە لە هەرێمی کوردستان بینیومانە، پێشبینیمان نەدەکرد."

گوتیشی: من پرسیارم لەو گەشتیارانە کردووە، پلانتان هەیە جارێکی دیکە بێنەوە؟ گوتیان: بەڵێ، نەک جارێکی دیکە چەند جارێکی دیکە دێینەوە. ئاماژەی بەوەش دا، لەساڵانی ڕابردوودا گرووپی گەشتیاری هەبوون، ئەمساڵیش هاتوونەتەوە."

دەشڵێت: شتێکی دیکە ئەو گەشتیارانەی سەرسام کردووە، ئەویش ئەو ئاشتیی و تەبایی و پێکەوە ژیان و ئاوەدانییەیە کە لەهەرێمی کوردستان بینیوییانە، دەشڵێن: ئەوەی ئێمە دوێنێ و ئەمڕۆ بینیوومانە زۆر جیاوازتر بووە لەوەی لە بیستوومانە.

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری کۆیە ڕاشیگەیاند، ساڵی ڕابردوو توانیمان 15 گرووپی گەشتیاری بهێنینە کۆیە، بەڵام بۆ ئەمساڵ پرۆسەکە فراوانتر دەبێت، لەبەر ئەوە پێشبینی دەکەم ئەمساڵ دووهێندە و زیاتریش گرووپی گەشتیاریی سەردانی کۆیە بکەن.

لە سنووری شارەدێی کۆیە زیاتر لە 200 ناوچەی گەشتیاریی، شوێنەواریی، مێژوویی و ئاینی لێیە، کە گەشتیاران دەتوانن سەردانی بکەن، کە ساڵی ڕابردوو 15 گرووپی گەشتیاریی لە وڵاتانی سویسرا، ئەڵمانیا، ئوستراڵیا و بەریتانیا و زۆر وڵاتی دیکە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.  

 

 
 
Fly Erbil Advertisment