چوونی پشیلەیەک بۆ کۆشکی سپی هەرا دەنێتەوە

لە کاتی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی، پشیلیەکی ماڵی چووەتە نێو کۆنفرانسەکە و پشێوی ناوەتەوە و ڕۆژنامەنووسان تووشی شۆک بوون، چۆن ئەو پشیلەیە بە هەبوونی ئەو چاودێریی و پاسەوانە توندەی پارێزگاری لە کۆشکی سپی دەکەن، گەیشتووەتە ژوورەوە.

شەممە 19ـی نیسانی 2025، ڕۆژنامەنووسێک، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردەوە، دوێنێ هەینی لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی کارۆلین لڤیتی، گوتەبێژی کۆشکی سپی، پشیلەیەک چووەتە ژووری کۆنفرانسەکە و پشێوەی ناوەتەوە و ڕۆژنامەنووسانی تووشی سەرسووڕمان کردووە.

ئەو ڕۆژنامەنووسە دەڵێت: لامان سەیر بوو لە شوێنێکی وەک کۆشکی سپی، کە بە کامێرای چاودێری و پاسەوان زۆر بە توندی تەندراوە، چۆن پشیلەیەک توانیویەتی بچێتە ژوورەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پشیلەکە ئامێرێکی بچووکی GPSی بە ملیەوە بووە، و دواتر خاوەنەکەی هاتووە و پشیلەکەی بردووەتەوە.

بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ئەو پشیلەیە لە کۆشکی سپی لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو.

ئەمەش لە کاتێکدایە دەوروبەری کۆشکی سپی یەکێکە لەو ناوچانەی لە ئاستی جیهاندا، زۆرترین پاسەوانی هەیە. هەروەها بە ئەندامانی دەزگای هەواڵگری و کامێرای چاودێرییەوە تەندراوە و 24 کاتژمێرە چاودێری هەموو جوڵەیەک دەکەن بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی کۆشکەکە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment