لاڤرۆڤ: پاریس و لەندەن هەڕەشە لە مۆسکۆ دەکەن

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دەڵێت: فەرەنسا، بەریتنایا هەروەها ئەڵمانیاش درووشمی دووژمنکار و خۆبەزلزانانە بەکار دەهێنن و هەڕەشە لە مۆسکۆ دەکەن، بەڵام ئەمە ڕەنگدانەوەی هەڵوێستی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتانە نییە.
یەکشەممە 20ـی نیسانی 2025، ئاژانسی هەواڵی تاس لە زاری سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بڵاوی کردەوە، ڕووسەکان بەهێز و ئارامن، هەروەها سەرۆکی ڕووسیا چەندین جار دووپاتی کردووەتەوە کە وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەر پرسێک، بەڵام ملکەچی هیچ وڵاتێک نابین.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، دەڵێت: ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و فرێدریک مێرز، ڕاوێژکاری داهاتووی ئەڵمانیا، هەڕەشە لە مۆسکۆ دەکەن، بەوەی هێز بۆ ئۆکرانیا دەنێرن تا شانبەشانی سوپای وڵاتەکە دژمان بجەنگن.
هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، "سێ وڵاتەکە درووشمی دووژمنکار و خۆبەزلزانانە بەکار دەهێنن بۆ هەڕەشەکردن لە ئێمە، بەڵام ئێمە گوێیان پێ نادەین و هەڵوێستەکانیان پشتگوێ دەخەین"، دڵنیاشم ئەم کارەی کە ئەوان دەیکەن ڕەنگدانەوەی هەڵوێستی هاووڵاتییانیان نییە.
مۆسکۆ هەر جۆرە جێگیرکردنێکی هێزی بیانی بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا، بە فراوانبوونی جەنگ و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و ستراتیژی وڵاتەکەی دەزانێت.