وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لەسەر میکانیزمی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران ڕوونکردنەوەی دا

دووشەممە، 21ـی نیسانی 2025، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە میکانیزمەکانی وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی جووتیاران بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە پلانی پەسەندکراو بۆ هەر جووتیارێک بە تەواوی وەردەگیرێت، بەبێ گوێدانە ڕووبەرەکەیان.

محەممەد عەبدولرەزا خوزاعی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە بەیاننامەیەکدا گوتی: دیاریکردنی ڕووبەری وەرگرتنی بەرهەمی گەنم، کە بۆ زەوییە ئاودێرییەکان 750 کیلۆگرام و 950 کیلۆگرام بۆ ئەو زەوییانەی بە ئاوپرژە ئاو دەدرێن جێگیر نییە، جەختیشی کردەوە "ئەو جووتیارانەی کە خاوەنی زەویین و بەرهەمیان لە پێشوو زیاترە، تەواوی بەرهەمەکانیان وەردەگیرێت."

ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەت ئاراستەی بەشە کشتوکاڵییەکانی کردووە بۆ ئەوەی لە شوێنی خۆیدا ڕووپێوی بکەن بۆ پشتڕاستکردنەوەی بەرهەمەکەی، کە دواتر دەخرێتە بازاڕەوە بۆ وەزارەتی بازرگانی.

هەر لەو چوارچێوەیەشدا وەزارەتی کشتوکاڵ ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە کە لەلایەن هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی بڵاو کراوەتەوە، کە گوایە بڕیاری وەرگرتنی بەرهەمی گەنم، لە دەرەوەی پلانی وەزارەت، بەهەمان نرخ دەبێت لەگەڵ ئەوانەی لە چوارچێوەی پلانەکەدان. ڕوونی کردەوە، ئەمە پێشنیازێک بووە لەلایەن عەباس جەبر مالیکی وەزیری کشتوکاڵەوە پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی کردبوو.

وەزارەتی کشتوکاڵ جەختیشی کردەوە، بەردەوام دەبێت لە وەرگرتنی گەنم بەپێی پلانی وەزارەت لە سەرتاسەری عێراق بەشیوەیەکی تەواو و بەڕووبەری جیاواز. ڕوونیشی کردەوە، وەزیر پابەندە لە پاڵپشتیی بەردەوامی جووتیارانی عێراق و ڕۆڵی کاریگەریان لە خزمەتکردنی ئەم کەرتە گرنگە.

 

هاوکات، ژمارەیەکی زۆر لە جووتیارانی پارێزگای موسەنا لە باشووری عێراق، ناڕەزایەتییان  بەرامبەر بە بڕیارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ دەربڕی، کە تەنیا گەنم لەو جووتیارانە وەردەگرێت کە پلانی کشتوکاڵی دەیانگرێتەوە، بە نرخی 450 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک.

خۆپیشاندەران داوایان کرد بڕیارەکە هەموار بکرێتەوە و جەختیان لەوە کردەوە، زیان بەو جووتیارانە دەگەیەنێت کە ئەو ڕێوشوێنە نایانگرێتەوە، هەروەها نرخی دیاریکراویان بە نادادپەروەرانە زانی لەگەڵ ئەو تێچوونانەی کە جووتیاران لە ئەستۆ دەگرن.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment