کەمال محەممەد: نرخی کارەبای 24 کاتژمێری زیاد نەکراوە

کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان
کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان

وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان، دەڵێت: لەم کابینەیەدا هەزار و 840 مێگاوات کارەبا بۆ تۆڕەکانی کارەبا زیاد کراوە و نرخی کارەبای 24 کاتژمێری لەسەر هاووڵاتییان زیاد نەکراوە.

چوارشەممە 23ـی نیسانی 2025، کەمال محەممەد، وەزیری کارەبا، هاوکات وەزیری سامانە سروشتییەکانە (بە وەکالەت)، لە پەراوێزی ڕێوڕەسمی ڕۆژی نزای نیشتمانی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پرۆژەی ڕووناکی، پرۆژەیەکی گرنگی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ هاووڵاتییان.

ئاماژەی بەوە دا، لەم کابینەیەدا هەزار و 840 مێگاوات کارەبا بۆ تۆڕەکانی کارەبا زیاد کراوە، هەروەها سەرەتا، پرۆژەی ڕووناکی لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی هەولێر جێبەجێ کرا، تا ئێستا 104 هەزار هاوبەش لە پرۆژەکە سوودمەندن.

هاوکات باسی لەوە کرد، 65%ـی هاوبەشانی پرۆژەی ڕووناکی، کەمتر لە 42 هەزار دینار کرێی مانگانەی کارەبای بۆ هاتووەتەوە، واتە لە ماوەکانی ڕابردوو بە پارەی کارەبای مووەلیدە و نیشتمانی زیاتر لەو بڕە پارەیەی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ دەهاتەوە.

وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان دەڵێت: تا کۆتایی 2026 کارەبای سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەبێتە 24 کاتژمێری.

جەختی لەوەش کردەوە، لە سەرەتاکانی ساڵی داهاتوو بەرهەمهێنانی گاز زیاد دەکەین و 250 پێ سێجا گازی شل لە کێڵگەی کۆرمۆر، بۆ وێستگەکانی کارەبا زیاد دەکەین، کە ئەمەش دەبێتە زیادکردنی هەزار و 500 مێگاواتی دەیکە بۆ تۆڕەکانی کارەبا.

لەبارەی دانوستانەکانی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، کەمال محەممەد، گوتی: کۆمپانیا نەوتییەکان کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، داوای گەرەنتی لە حکوومەتی فیدراڵ دەکەن کە شایستەکانیان پێ بدات بۆ ئەوەی دووبارە نەوتەکە هەناردە بکەنەوە.

گوتیشی: کۆمپانیاکان داوا دەکەن دەستکاریی گرێبەستەکانیان نەکرێت و ئەو پارەشی کە لە ڕابردوودا پێیان نەدراوە، پێیان بدرێتەوە.

 
 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment