پەیامی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی لەبارەی جینۆسایدی دژ بە گەلی کورد

لە زانکۆی یەیڵ لە ویلایەتی کەنەتیکەتی ئەمەریکا کۆنفرانسێکی تایبەت بە تاوانەکانی جینۆسایدی دژ بە گەلی کورد بەڕێوە چوو، پەیامی سەرۆک بارزانی لەلایەن د. محەممەد ئیحسان سیاسەتمەدار و مامۆستای زانکۆ خوێنرایەوە، لە پایەمەکدا هاتبوو، ئامانج لە تەواوی ئەو جینۆسایدانەی دژی کورد ئەنجام دران، تەنیا سڕینەوەی کورد بوون بوو. نەبوونی دەوڵەتی کوردیش وای کردووە بە درێژایی مێژوو کورد ڕووبەڕووی قڕکردن بێتەوە. سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانیش لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە کۆنفرانسەکە ئاماژەی بەوەدا، نابێت چیدیکە لە بەرانبەر نادادی بێدەنگ بین، دەبێت هەرچی زووە دادپەروەری بەدی بێت و تاوانبارانیش بە بەرپرسیار بناسێنرێن.  

کۆنفرانسێکی تایبەت بە تاوانەکانی جینۆسایدی دژی گەلی کورد، لە زانکۆی یەیڵ لە ویلایەتی کەنەتیکەتی ئەمەریکا بەڕێوە چوو.

لەم کۆنفرانسەدا د. محەممەد ئیحسان سیاسەتمەدار و مامۆستای زانکۆ پەیامی سەرۆک بارزانی خوێندەوە، تێیدا هاتبوو، "گەلی کوردستان هەزاران ساڵە لەسەر خاکی خۆی ژیاوە، خاوەنی کولتووری پێکەوەژیانە لەگەڵ نەتەوە و پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکە، هەردەم خوازیاری ئارامی و ئاشتی و مرۆڤدۆستی بووە. بەڵام ئەوەی میللەتەکەمان لە سەدەی بیستەمدا پێیدا تێپەڕی هەوڵێکی سیستماتیکی و رێکختراوبوو بۆ نەهێشتنی شوناسێکی مێژوویی و کولتووری و مرۆیی. ئەم جینۆسایدانە تەنیا یەک ئامانجیان هەبوو، ئەویش نەهێشتن و سڕینەوەی "کورد بوون" بوو. گەلی کورد جگە لە داوای ئازادیی هیچ تاوانێکی نەبوو.  گەلی کوردستان دەیان ملیۆن کەسە مێژووییەکی کۆن و ناسنامەیەکی زیندووی هەیە، یەکێک لە گەورەترین نەتەوەکانی جیهان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەژین و تاوەکو ئێستاش لە هەبوونی دەوڵەتی کوردی بێبەشن، ئەمەش وای کردووە بەدرێژایی مێژوو کورد رووبەڕووی قڕکردن و سڕینەوە ببێتەوە."

سەنتەری توێژینەوەی جینۆساید لە زانکۆی یەیڵ بە وردی لیکۆڵینەوە لەو تاوان و جینۆیاسیدانەی دژی گەلی کورد ئەنجام دراون دەکات، سەرۆک بارزانی سوپاسی هەوڵ و کارەکانی سەنتەرەکەی کرد و ئامادەیی دامەزراوە فەرمییەکانی کوردستانیشی بۆ هاوکارییکردنی سەنتەرەکە نیشاندا، تاوەکو بە هاوکاریی زانکۆی یەیڵ تاوانەکانی دژی گەلی کورد بە جینۆساید بناسێنرێن.

دواتر سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانیش لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا تەواوی تاوانەکانی دژ بە گەلی کوردی لە ڕابردوودا خستەڕوو. ئاماژەی بەوەدا، ئەو وانەیەی لەو تاوان و جینۆسایدەی دژی گەلی کورد فێربووین ئەوەیە، نابێت بەرامبەر نادادی بێدەنگ بین.

لە پەیامەکەدا باس لەوە کرابوو،"شتێک پێویستە لەبیرمان بێت ئەوەیە، جینۆسایدی دژ بە خەڵکی کوردستان تەنیا یەکجار یان لە یەک ئۆپەراسیۆندا ڕووی نەداوە. لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە تا ساڵی 1991، لە کاتێکدا رژێمی بەعسی هەوڵیدا شێوازی ژیانی ئێمە و میراتمان بنبڕ بکات، چوار هەزار و 500 گوند لە کوردستان ڕووخێنران."

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتبوو، ڕەنگە بەدناوترین بابەتی جینۆسایدی کورد کە بە ئەنفال ناودەهێنرێت، بە مانای غەنیمە و دەستکەوتی شەڕ ناوزەند بکرێت. ئەم وشەیەی قورئانی پیرۆز لەلایەن رژێمی سەدام حوسێنەوە خراپ بەکارهێنرا بۆ ناونانی ئۆپەراسیۆنی جینۆسایدی ئەنفال، کە بە هەشت قۆناغ بوو. جینۆساید لووتکەی مێژوویەکی دوورودرێژی ستەم و پەراوێزخستن و توندوتیژی بەرامبەر گەلی کورد بوو".

مەسرور بارزانی لە کۆتایی قسەکانی دووپاتی کردەوە، بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکانی دژ بە گەلی کورد بەس نییە، بەڵکو دەبێت بە زووترین کات دادپەروەری بەدبێت و تاوانبارانیش بە بەرپرسیار بناسێنرێن. 

 
 
Fly Erbil Advertisment