لوبنان داوا لە ئەمەریکا و فەرەنسا دەکات ئیسرائیل ناچار بە ڕاگرتنی هێرشەکانی بکەن

باشووری بەیرووت
باشووری بەیرووت

سەرۆکی لوبنان، داوای لە ئەمەریکا و فەرەنسا کرد، ئیسرائیل ناچار بکەن دەستبەجێ هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر باشووری بەیرووت ڕابگرێت.

یەکشەممە 27ـی نیسانی 2025، سەرۆکایەتیی کۆماری لوبنان، لە ڕاگەیەندراوێکدا، کە لە پلاتفۆڕمی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، سەرکۆنەی توندی هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر باشووری بەیرووت کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان، داوای لە ئەمەریکا و فەرەنسا کرد، بەرپرسیارەتی خۆیان لە نێوەندگیری ئیسرائیل و حزبوڵڵا لە ئەستۆ بگرن و، ئیسرائیل ناچار بکەن دەستبەجێ هێرشەکان بۆ سەر باشووری بەیرووت ڕابگرێت.

هاوکات هۆشداریشی دا لەوەی، بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکە گرژییەکان زیاتر دەکات و، ناوچەکە دەخاتە بەردەم هەڕەشەی ڕاستەقینە، بە تایبەت بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیرییەکەی.

ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی لوبنان لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بە چڕی باشووری بەیرووتیان بۆردومان کرد.

لەم بارەیەوە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند: فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکە ژێرخانێکی حزبوڵڵایان لە باشووری بەیرووت بۆردومان کرد.

ئاماژەی بەوەش دا، حزبوڵڵا ئەو باڵەخانەیی وەکوو کۆگایەک بۆ هەڵگرتنی مووشەک بەکار هێناوە و ڕێگە بە حزبوڵڵا نادەین خۆی بەهێز بکاتەوە و ببێتە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتەکەیان و ناوچەکانی دەوروبەر.

بەر لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت، ئەفیغای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، هۆشداریی دابووە دانیشتووانی باشووری بەیرووت بە تایبەتی گەڕەکی حەداس و، داوای لێ کردبوون ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.

لە سەرەتای ئەم مانگە، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەیەکی ژێر کۆنتڕۆڵی حزبوڵڵا لە باشووری بەیروت، چوار کەس کوژران، کە لەنێویاندا بەرپرسێکی حزبوڵڵا هەبوو.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment