وهزارهتی ناوخۆی ههرێمی كوردستان دەرگای تۆمارکردنی تاکسی نوێ دەکاتەوە

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێنمایی نوێی بۆ تۆمارکردنی تاکسی دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.
دووشەممە، 28ـی نیسانی 2025، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بەپێی ڕێنمایی ژمارە 3ـی ساڵی 2025، تۆمارکردنی تاکسی نوێ دەچێتە بواری جێبەجێکردن. بە نوسراوی ژمارە 12هەزار و 871 لە هەنگاوێکی نوێدا وەزارەتی ناوخۆ بە ئامانجی نوێکردنەوەی تاکسی لە سەرتاسەری هەرێم و بەرزکردنەوەی ئاستی پاراستنی ژینگە و باشترکردنی خزمەتگوزاری سەرنشینەکان و جێبەجێکردنی ستانداردی تەکنیکی نوێ، دەرگای تۆمارکردنی تاکسی نوێ، دوای چەندین ساڵ وەستان، دەکاتەوە.
وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندووە: بەپێی رێنماییە نوێیەکە، تەنیا ئەو ئۆتومبیلانەی ستانداردە تایبەتەکانی ژینگەیی و تەکنیکییان تێدایە، هەروەها بە شێوەی یاسایی و فەرمی هێندراونەتە هەرێمی کوردستان، مافی تۆمارکردنییان وەکوو تاکسی دەبێت، لەوانە: ئەو ئۆتۆمبیلانەی کە تەنیا بە بەنزین کاردەکەن، ئەو ئۆتۆمبیلانەی لە بنەڕەتدا تەنیا بە غازی شل (LPG) کاردەکەن، هەروەها ئۆتۆمبیلی هایبرید و ئۆتۆمبیلی تەواو کارەبایی (EV)، ئاسانکاری تۆمارکردنیان وەکوو تاکسی بێ ڕسوومات بۆ کراوە وەکوو هاندان بۆ ئۆتۆمبیلی کەمخەرجی و دۆستی ژینگە.
وەزارەتی ناوخۆ باسی لەوەش کرد، بە گوێرەی ئەو ڕێنماییە هیچ ژمارەیەکی تاکسی لەسەر ئاستی کوردستان زیاد نابێت، بەڵکوو ئەو تاکسیانەی هەن خاوەنەکانیان دەتوانن سوود لە تابلۆکانیان وەربگرن بۆ تاکسی مۆدێل نوێ (کە ژمارە کاتی بن یان ئۆتۆمبیلی دوایین سێ مۆدێل تۆمارکراو بن) و تاکسییە کۆنەکانیش بکرێنەوە ئۆتۆمبیلی تایبەت و تابلۆی تایبەتیان بێ خەرجی دارایی پێ دەدرێت.
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، بە گوێرەی ڕێنماییە نوێیەکە، ڕەنگی تاکسی نوێ هەمان ڕەنگی تاکسی کوردستان بە کۆدی (4Q0) دەبێت و خاوەن تاکسی دەتوانێت لە کوردستان بەم کۆدە تاکسییەکهی بۆیە (صبوغ) بکات یان لە کۆمپانیایەوە بەم ڕەنگ و کۆدە بەردەست بێت بۆ کڕین. تاکسییە کۆنەکانیش بە گوێرەی خواستی خاوەنەکەی بۆیە دەکرێنەوە بە هەر ڕەنگێکی پەسندکراو جگە لە ڕەنگی تاکسی.
وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت: پێویستە ئۆتۆمبیلەکان تازە هاوردە کراو بن و پێوەرەکانی سەلامەتی، تەکنیکی، و ژینگەیی تێدا بێت کە لە رێنمایی هاوردەکردنی ئۆتۆمبیل ژمارە 7ـی 2021، هەموارکراودا دیاریکراون، تەنیا ئۆتۆمبیلەکانی سێ ساڵی مۆدێلی کۆتایی پەسندکراون بۆ گۆڕین بۆ تاکسی.
لە ڕێنماییە نوێیەکەدا، بۆ ئۆتۆمبیلی هایبرید و تەواوکارەبایی، 74 جۆر و بۆ ئۆتۆمبیلی بەنزین، 89 جۆر وەکوو پاشکۆ دیارکراون کە ڕێگاپێدراون بۆ تاکسی بگۆڕدرێن.