پرۆژەی ڕووناکی لە هەولێر و سلێمانی فراوانتر دەبێت

12 گەڕەکی شاری هەولێر و 2 گەڕەکی شاری سلێمانی، لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکیدا کارەباکانیان دەبێتە 24 کاتژمێری.

چوارشەممە 30ـی نیسانی 2025، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە دا، پرۆژەی ڕووناکی لە هەولێر و سلێمانی بەرفراوان دەبێت، کارەبای 12 گەڕەکی دیکەی هەولێر و 2 گەڕەکی دیکەی سلێمانی، لە چوارچێوەی پرۆژەکەدا دەبێتە 24 کاتژمێری.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، گەڕەکەکان بریتین لە:

شاری هەولێر؛ گەڕەکەکانی (شۆڕش، کانی، نووسەران، کوێستان، کۆماری، ڕووناکی، پزیشکان، مەنتکاوە، ئازار، زانکۆ، حەمرین و شارەوانی)

شاری سلێمانی؛ گەڕەکەکانی (هەواری تازە و بەشێکی تووی مەلیک)

ئەمەش دوای ئەوە دێت کۆمەڵێک گەڕەکی دیکەی هەولێر، سلێمانی و دهۆک سوومەندبوون لە پڕۆژەی ڕووناکی و کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابین کرا و بەم زووانەش دەگاتە پارێزگای هەڵەبجە.

پرۆژەی ڕووناکی بەردەوامە لە فراوانبوون و تا ئێستا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان نزیکەی 600 هەزار هاووڵاتی، کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە و نزیکەی 750 مووەلیدەی تایبەت لە 43 گەڕەکی جیاواز، وەستێنراون، کە لە ڕووی دەردانی گازی ژەهراوییەوە یەکسانن بە 126 هەزار ئۆتۆمبێل .

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین پرۆژەی گرنگیی خزمەتگوزاریی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان خستووەتە جێبەجێکردن، لە نێویاندا کارەبای 24 کاتژمێری، کە بە پرۆژەی ڕووناکی ناسراوە، پرۆژەکە سەرەتا لە هەولێر جێبەجێ کرا دواتر گەیشتە هەر یەکە لە پارێزگاکانی دهۆک، سلێمانی و بەمزووانەش دەگاتە هەڵەبجە.

ڕۆژی پێنجشەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە کاتی سەردانیدا بۆ گەڕەکی شادی لە شاری هەولێر، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، پرۆژەی ڕووناکیی ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment