سیروان محەممەد: قۆناغی دووەمی پرۆژەی ڕووناکی لە سلێمانی چووە واری جێبەجێکردن

سیروان محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی
سیروان محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی

گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی، ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکیدا کارەبای دوو گەڕەکی دیکەی شاری سلێمانی بووە 24 کاتژمێری.

چوارشەممە 30ـی نیسانی 2025، سیروان محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: قۆناغی دووەمی پرۆژەی ڕووناکی لە شاری سلێمانی چووە واری جێبەجێکردن و لەم شەوەوە کارەبای دوو گەڕەك دەبێتە 24 کاتژمێری پێشتریش هەشت گەڕەك کارەبایان بووەتە 24 کاتژمێری.

گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی، ئاماژەی بەوە دا، نەبوونی کارەبای 24 کاتژمێری یەکێك بووە لەو خاڵانەی لە  30 ساڵی ڕابردوودا خەڵك ڕەخنەیان لێ گرتووە.

گوتیشی: ئێستا کارەبای 24 کاتژمێری لە ڕێگەی پرۆژەیەکی ستراتیژی و گرنگ دابین دەکرێت و پێویستە پشتیوانیی لە پرۆژەکە بکرێت.

چوارشەممە 30ـی نیسانی 2025، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە دا، پرۆژەی ڕووناکی لە هەولێر و سلێمانی بەرفراوان دەبێت، کارەبای 12 گەڕەکی دیکەی هەولێر و 2 گەڕەکی دیکەی سلێمانی، لە چوارچێوەی پرۆژەکەدا دەبێتە 24 کاتژمێری.

پرۆژەی ڕووناکی بەردەوامە لە فراوانبوون و تا ئێستا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان نزیکەی 600 هەزار هاووڵاتی، کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە و نزیکەی 750 مووەلیدەی تایبەت لە 43 گەڕەکی جیاواز، وەستێنراون، کە لە ڕووی دەردانی گازی ژەهراوییەوە یەکسانن بە 126 هەزار ئۆتۆمبێل .

 
 
Fly Erbil Advertisment