هەولێر و زەنجان یاداشتێکی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکەن

هەردوو پارێزگاری هەولێر و زەنجان، یاداشتێکی لێتێگەیشتنیان واژۆ کرد. لەم بارەیەوە ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند: ئومێدیان وایە ئەم سەردان و لێکتێگەیشتنانە خزمەتی زیاتر بە تایبەت بە جووڵەی بازرگانانی هەردوولا بکات.
شاندێکی پارێزگای هەولێر بە سەردانێکی فەرمی لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو لەگەڵ پارێزگای زەنجان لە ئێران یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیشدا پارێزگاری هەولێر گوتی: یاداشتەکە پەیوەندی کولتووری و بازرگانی و چەند بابەتێکی دیکە لە خۆدەگرێت.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، کە دەیانەوێت پەیوەندییە ئابوورییەکانیان زیاتر پێش بخەن، هەروەها پارێزگاری زەنجان بە فەرمی باگهێشتی هەولێر کرا.
پارێزگاری هەولێر، جەختی لەوە کردەوە، ئومێدیان وایە ئەم سەردان و لێکتێگەیشتنانە خزمەتی زیاتر بە تایبەت بە جووڵەی بازرگانانی هەردوولا بکات.
دەقی ڕێککەوتنی نێوان پارێزگارانی هەولێر و زەنجان:
1- هەردوولا بە مەبەستی بەهێزکردنی هاوکاری تەکنەلۆژی و پیشەسازی، بیروڕا لەبارەی دۆخی ئابووری و بازرگانیی و گۆڕانکاری لە ڕێنماییەکان ئاڵوگۆڕ دەکەن.
2- هەردوولا یەکتر ئاگادار دەکەنەوە لەو چالاکییانەی کە دەتوانن بازرگانی نێوان پارێزگای هەولێر و زەنجان بەرەو پێش ببەن.
3- هەردوولا هاوکاری یەکتر دەکەن لە ڕێکخستنی شاندی بەرپرسانی پارێزگا بە مەبەستی ئاسانکاری هاوکاری بازرگانی، گەشتیاری، پیشەسازی، خزمەتگوزاری تەکنیکی و ئەندازیاری، تەندروستی، و وەرگرتنی قوتابییانی زانکۆ.
4- هەردوولا لە بواری پێشانگا نێودەوڵەتییەکان و بەرەوپێشبردنی بازرگانی هاوکار دەبن و پاڵپشتی ئەندامەکانیان دەکەن بۆ بەشداریکردن لەو بۆنانە.
5- هەردوولا هاندەر و پشتگیری لە پەرەپێدانی پرۆژەی هاوبەش و دەرفەتی وەبەرهێنان و قازانجی هاوبەش دەکەن.