شوێنەواری هەرێم: لە کوردستان زیاتر لە 6500 شوێنەوار تۆمار کراوە

بەڕێوەبەری کاروبار و شوێنەواری کەلەپوور ڕایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 6500 پێگەی شوێنەواری تۆمارکراوە، بەبێ تۆماری خانووی کەلەپووری کە لە ئێستادا ئەو تۆمارەمان نییە بۆ خانووە کەلەپوورییەکان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی ئایاری 2025، محەممەد لە شکر، بەڕێوەبەری کاروبار و شوێنەواری کەلەپوور، لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە ساڵی 2009 تاکوو ئێستا 19پێگەی شوێنەوار لە هەرێمی کوردستان هەیە، لەو ڕێژەیە سەدا55ـی ڕوو پێو کراوە. سەدا45کەی دیکە، بەهۆی نائارامی لە ڕووی سیاسی ناوچەکە نەمانتوانیوە ناوچە سنوورییەکان ڕووپێو بکەین. بەتایبەت ناوچە شاخاوییەکان و ماددەی 140.
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: وەکو شوێنەوار زیاتر لە 6500 پێگەی شوێنەواری تۆمارکراوە، بەبێ تۆماری خانووی کەلەپووری کە لە ئێستادا ئەو تۆمارەمان نییە بۆ خانووە کەلەپوورییەکان.
دەشڵێت: ساڵانە 20 تا 30 تیمی شوێنەواری بیانی دێنە هەرێمی کوردستان، هەرچەندە ساڵ بۆ ساڵیش جیاوازی هەیە، بەڵام لە 20 تیمی شوێنەواری کەمترمان نییە. کارەکانیشیان دوو جۆرە، هەندێکیان بەردەوامن لە گەڕان و هەڵکۆڵینی شوێنەواردا، کە ئەمجۆرەیان 10 بۆ 15 ساڵ لە کوردستان کار دەکەن، بەپێی ئەو گرێبەستەی لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شوێنەوار و ئەو تیمەی کە دێن، دامەزراوەیەکی حکوومی بێت یاخود تیمی شوێنەواری ئەکادیمی، بۆ ئەمساڵ ئێمە سێ گرێبەستی نوێمان ئامادەیە و سەر لەنوێ دەستبەکار دەبن، جگە لە 20 دانەیان کە کاری پێشووە، بەردەوامی پێدەدەن.
ئاماژەی بەوەش دا، لە سلێمانی سێ تیم دەستی بەکار کردووە، لە هەولێر چوار تیم، لە دهۆک حەوت، چوار تیمی دیکەش نوێیە. کۆی گشتیی دەکاتە 18 تیم، بەڵام ئێمە لە 20 تیمی شوێنەواری بیانی کەمترمان نییە. هەروەها زۆربەیان ئەوکاتەنە دێن کە زانکۆ و خوێندن تێیدا دەوەستێ بۆ ماوەی دوو مانگ یاخود سێ مانگ لەهەرێمی کوردستان، کاری هەڵکۆڵین و گەڕان بەدوای شوێنەواردا دەکەن.
محەممەد لەشکر، ڕاشیگەیاند "ئێمە لێکگەیشتنێکمان نییە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵدا، ناتوانین ئەو شوێنەوارانەی دەکەونە بازنەی ماددەی 140 لێی نزیک بینەوە، خۆیان مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن ئەوەی تایبەتەیشە بە هەرێمی کوردستان ئەوان بۆیان نییە نزیکی ببنەوە، چونکە خۆمان مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین."

لای خۆیەوە کۆڤان ئیحسان، شوێنەوارناس و لێکۆڵەر لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری پارێزگای دهۆک پشتڕاستی کردەوە، لە شاری ئامێدی کە دەکەوێتە باکووری پارێزگای دهۆک، 13 شوێنی شوێنەواری گرنگ هەیە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمە مێژووییە جیاوازەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرجەم ئەو شوێنانە بە فەرمی لە لیستی شوێنەوارە مێژووییە پەسەندکراوەکانی عێراقدا تۆمارکراون، ئەمەش گرنگییەکی گەورەی ئەم شارە لە نەخشەی میراتی نیشتمانیدا دەردەخات.
ڕاشیگەیاند "ئامێدی لە تۆمارە مێژووییەکاندا هاتووە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆیەمی پێش زایین، کاتێک پاشای ئاشووری ئەداد-نیراری دووەم بە "کوڕ-ئامەد" ناوی بردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ڕەگ و ڕیشەی قووڵی کولتووری شارەکە و پەیوەندییەکەی بە شانشینییە کۆنەکانەوە کە حوکمڕانی میزۆپۆتامیایان دەکرد.
بەگوتەی کۆڤان ئیحسان، لە دیارترین شوێنەوارەکانی شاری ئامێدی شوێنی "کۆرا سێریجی" هەیە، کە شوێنەوارەکانی تێدایە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغە جیاوازەکانی مێژوو. جگە لەوەش دەروازەی ئامێدی یەکێکە لە نموونە دیارەکانی تەلارسازی سەرەتایی مەسیحییەکان، بەو پێیەی پەیکەری تێدایە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی فارسی کۆن. شارەکە دەروازەی "زێبار"یش لەخۆدەگرێت کە بەشێکە لەو میراتە تەلارسازییەی کەئەم ناوچەیە جیادەکاتەوە.