بەریتانیا یەکەم وڵاتە دەرزییەک بۆ 15 جۆر نەخۆشی شێرپەنجە بەکاردەهێنێت

دەستەی خزمەتگوزاری تەندروستی نیشتمانی (NHS) لە بەریتانیا، چارەسەرێکی نوێی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە بە بەکارهێنانی "دەرزیەکی زۆر خێرا" ڕاگەیاند، کە ئەم دەرزییە تەنیا لە ماوەی پێنج خولەکدا دەتوانرێت بۆ چارەکردنی 15 جۆری جیاوازی شێرپەنجە بەکاربهێنرێت.
دەستەی خزمەتگوزاری تەندروستی نیشتیمانی لە پێگەی فەرمی خۆی ڕایگەیاند، چارەسەرە نوێیەکە پشت بە دەرمانی "نیڤۆلوماب" دەبەستێت، کە جۆرێکە لە چارەسەری بەرگری، ڕوونیشیکردەوە، دەرزیەکە لە ژێر پێستەوە دەدرێت و تەنها سێ بۆ پێنج خولەک دەخایەنێت، بە بەراورد بە چارەەکانی دیکە کە نزیکەی کاتژمێرێک دەخایەنێت.
دەستەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم پێشکەوتنە بۆ چارەکردنی نزیکەی 15 جۆری شێرپەنجە بەکاردێت، لەوانە شێرپەنجەی پێست و میزڵدان و سورێنچک، دەشڵێت "نزیکەی 1200 نەخۆش لە ئینگلتەرا مانگانە سوودمەند دەبن لەم جۆرە چارەسەرە."
دەستەی خزمەتگوزاری تەندروستی نیشتمانی جەختی کردەوە، ئەم چارەسەرە خێرایە "بەبێ هیچ تێچووی زیادە" پێشکەش دەکرێت، ئەمەش بەهۆی ڕێککەوتنێکە کە لەگەڵ کۆمپانیای بەرهەمهێنەر، (بریستۆڵ مایرز سکویب) دانوستانی لەسەر کراوە.
ئاشلی داڵتۆن، وەزیری تەندروستی بەریتانیا لەوبارەوە ڕایگەیاند، بەریتانیا جێگەی داهێنانە، ئەو دەرزیە نوێیە چارەکردنی نەخۆشی شێرپەنجە خێراتر دەکات، نموونەیەکی نایابە، گوتیشی: "ئەوە شتێکی خەیاڵییە کە ببینین نەخۆشانی شێرپەنجە لە ئینگلتەرا، یەکەم کەسن لە نێو ئەورووپیەکان سوودمەند دەبن."
ئاشلی داڵتۆن، جەختی کردەوە، "پلانی نیشتمانی بۆ شێرپەنجە بە شێوەیەکی ڕیشەیی شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشییەکە دەگۆڕێت، چاودێری باشتر دەکات و ڕێژەی مانەوە دەگەڕێنێتەوە بۆ بەرزترین ئاست لە جیهاندا."
پرۆفیسۆر پیتەر جۆنسن، بەڕێوەبەری کلینیکی نیشتمانی بۆ شێرپەنجە لە دەستەکە گوتی: "چارەسەری بەرگریی بووەتە هەنگاوێکی گەورە بۆ زۆرێک لە نەخۆشەکان، توانای ئەو دەرزییە و بەکارهێنانی لە چەند خولەکێکدا، مانای وایە دەتوانین پرۆسەکە زۆر ئاسانتر بکەین."
جۆنسۆن باسی لەوەش کرد، ئەم چارەسەرە بۆ 15 جۆری جیاوازی نەخۆشی بەکاردێت، بۆیە ساڵانە هەزاران کاتی بەنرخی پزیشک دەگەڕێنێتەوە، ئەمەش ڕێگە بە تیمەکان دەدات چارەسەری زیاتری نەخۆش بکەن.
بەگوێرەی دەستەکە، بەریتانیا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی لە مانگی داهاتوو یەکەم وەجبەی نەخۆشەکان بەو دەرزییە چارە بکات.