پرۆژەی ڕووناکی بەردەوامە لە فراوانبوون

جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بەهۆی پرۆژەی ڕووناکی کە ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە، لە سەرتاسەری هەرێمەکە زیاتر لە 700 مووەلیدە کوژێنراونەتەوە.
یەکشەممە 4ـی ئایاری 2025، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، لەبارەی پرۆژەی ڕووناکی نووسیویەتی: دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکی، لە قۆناغی ئێستا هاوتای ئەوەیە 125 هەزار ئۆتۆمبیڵ لە شەقامەکان هەڵگیرابن.
ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی پرۆژەکەوە 700 مووەلیدە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان کوژێنراونەتەوە، ئەمە جگە لەوەی هێشتا نزیکەی شەش هەزار و 300 دانەی تریش ماون هەڵبگیرێن.
زانیارییەک لە پڕۆژەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کارەبای 24 کاتژمێری:
— Aziz Ahmad (@azizkahmad) May 4, 2025
هاوتای 125,000 ئۆتۆمبێل لە شەقامەکان هەڵگیراون — ئەمەش تەنها بە کوژاندنەوەی سەرووی 700 مۆلیدە گازوایلەکانی گەڕەکەکان بووە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.
هێشتا نزیکەی 6,300 دانەی تریش ماون هەڵبگیرێن.
بۆ…
لەلایەکی دیکەوە، پرۆژەی ڕووناکی، لە میانی پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ئاماری هاوبەشانی پرۆژەی کارەبا 24 کاتژمێرییەکەی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پرۆژەی ڕووناکی، تا ئێستا لە هەولێر 530 هەزار، لە سلێمانی 40 هەزار و لە دهۆک 30 هەزار هاوبەش هەن.
Work is ongoing across all three governorates of Erbil, Sulaymaniyah, and Duhok.
— Runaki (@Runaki_gov_krd) May 4, 2025
The Runaki teams are working relentlessly to provide 24/7 electricity across Kurdistan. The goal is to ensure that by the end of 2025, Runaki will have reached all city centers. pic.twitter.com/ZtlvQHRBak
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین پرۆژەی گرنگیی خزمەتگوزاریی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان خستووەتە جێبەجێکردن، لە نێویاندا کارەبای 24 کاتژمێری، کە بە پرۆژەی ڕووناکی ناسراوە، پرۆژەکە سەرەتا لە هەولێر جێبەجێ کرا دواتر گەیشتە هەر یەکە لە پارێزگاکانی دهۆک، سلێمانی و بەمزووانەش دەگاتە هەڵەبجە.
ڕۆژی پێنجشەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە کاتی سەردانیدا بۆ گەڕەکی شادی لە شاری هەولێر، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، پرۆژەی ڕووناکیی ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.