دەرمانی شێرپەنجەی عێراقی سەری وەزیری تەندروستی و چەند بەرپرسێکی لیبیایی خوارد

چوارشەممە، 7ـی ئایاری 2025، داواکاری گشتی لیبیا بڕیاریدا وەزیری تەندروستی لە حکوومەتی یەکگرتووی نیشتمانی و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای وەزارەتەکەی زیندانی بکات، بەهۆی ئەو پێشێلکارییانەی کردوویانە کە دەرمانی چارەسەری شێرپەنجەیان لە عێراقەوە وەرگرتووە.
ڕاگەیەندراوێک کە لەلایەن فەرمانگەی داواکاری گشتی لیبیا بڵاوکراوەتەوە، "فەرمانی زیدانیکردن بۆ وەزیری تەندروستی، بەڕێوەبەری بەشی دەرمانسازی، سەرۆکی لیژنەی تەندەری گشتی، بەرپرسی لێژنەی تەندەرە ناوەندییەکان و بەرپرسی یەکێک لە کۆمپانیای هاوردەکردن دەرچوو.
بڕیارەکە دوای ئەوە هات کە لێکۆڵینەوە لەو کەیسە کراوە و دەرکەوتووە، ئەو دەرمانەی لە عێراق هێناویانە بەبێ پابەندبوون بە ڕێکارە یاسایی و تەکنیکییە پەسەندکراوەکان بووە، هەروەها بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی گشتی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشی شێرپەنجە بووە، چونکە ئەو دەستەیە دەسەڵاتدارە بۆ هاوردەکردن و پەسەندکردنی دەرمانی شێرپەنجە لە ڕووی تەکنیکییەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لێکۆڵینەوەکان پێشێلکارییەکی ڕوونیان سەلماندووە لە گرێبەستەکانی پەیوەست بەم دەرمانە، لە ڕووی تەکنیکیی، دارایی و یاساییەوە، کە داواکاری گشتی بە پێشێلکردنی ڕێساکانی پرۆسەی کڕینی حکوومەت دەزانێت."
سدیق سوەر، داواکاری گشتی لیبیا ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، دووپاتیکردەوە کە داواکاری گشتی پابەندە بە گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێکی یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانەی دەستیان لە پێشێلکارییەکانی پەیوەست بە هاوردەکردنی دەرمانی شێرپەنجە لە عێراقەوە هەیە.
هەفتەی ڕابردوو عەبدولحەمید دبیبە، سەرۆکی حکوومەتی کاتیی یەکگرتووی نیشتمانی لیبیا، ڕەمەزان ئەبوجناح کە جێگری سەرۆک وەزیرانی لیبیا و وەزیری تەندروستییە لە پۆستەکەی دوورخستەوە و لەگەڵ چەند بەرپرسێکی دیکەی وەزارەتەکە ڕەوانەی لێکۆڵینەوەی کردن.
کێشەکە دوای ئەوە سەریهەڵدا کە عێراق هەناردەکردنی یەکەم باری دەرمانی شێرپەنجەیی دروستکراوی ناوخۆیی بۆ لیبیا ڕاگەیاندبوو. دەستەی نیشتمانیی کۆنترۆڵکردنی شێرپەنجەی لیبیاش پشتڕاستیکردەوە کەئەوان تەنیا لە سەرچاوە پەسەندکراوەکانی ئەمەریکی و ئەورووپیەوە ئەو جۆرە دەرمانە هاوردە دەکەن.
لەسەر ئەم پرسە، سدیق سوەر، داواکاری گشتی لیبیا جەختی کردەوە، هەرکەسێک دەستکاری تەندروستی هاووڵاتیان بکات یان سەرپێچی یاسا و ڕێساکانی بەڕێوەبردنی کەرتی تەندروستی بکات، داوای یاسایی گشتی لەسەر تۆمار دەکرێت.