فێستیڤاڵی فیلمی کوردی ئەمستردام بەڕێوە دەچێت

فێستیڤاڵی فیلمی کوردی ئەمستردام بەڕێوە دەچێت و زیاتر لە 32 فیلمی کوردی لە ماوەی سێ رۆژدا نمایش دەکرێن.
بڕیارە لە ڕۆژانی 9 تاوەکو 11ـی ئایاری 2025 لە شاری ئەمستردامی هۆڵەندا، چوارەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەمستردام بەڕێوەبچێت.
چوارشەممە 7ـی ئایاری 2025، کۆمپانیای لامیدیا، کە هاوبەشی سەرەکی فێستیڤاڵی فیلمی ئەمستردامە ڕایگەیاند، لە خولی چوارەمی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەمستردام، زیاتر لە 32 فیلمی کوردی نمایش دەکرێن، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین پانێل و کۆڕ و کۆبوونەوە لە نێوان سینەماکارانی هەرچوار پارچەی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
هاوکات ئەمساڵ خولی چوارەمی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەمستردام، لەژێر ناونیشانی " ئازادی و باشووری کوردستان" بەڕێوەدەچێت، کە لە ماوەی 3 ڕۆژدا 32 فیلمی کوردی لە چوار بەشی جیاوازدا نمایشدەکرێن.
هەروەها فێستیڤاڵەکە تیشک دەخاتە سەر سینەمای باشووری کوردستان–ئازادی و بەستنەوەی 80 ساڵەی ئازادی لە هۆڵەندا بە خەباتی بەردەوامی کورد بۆ کاری کولتووری و سیاسی.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەکادیمیای AKFF ئاماژەی دا: وەبەرهێنان لە بەهرەمەندە نوێیەکانی کورد لە بواری سینەما دەکات.هەروەها دەرفەتێک دەخاتە بەردەم سینەماکارانی گەنجی کورد، کە پلانی فیلمی تایبەت بە خۆیان لەژێر ڕێنمایی دەرهێنەرێکی بەئەزموون دابڕێژن و خەڵاتێکی مادییان پێشکەش دەکات.
هەروەها لە چوارچێوەی فێستیڤاڵدا بەرنامەیەکی پڕ لە میوزیک و گۆرانی و گفتوگۆ و نمایشی کولتووری ئامادەکراوە، دەیان سینەماکاری بە ئەزموونی کورد لە سەرانسەری جیهان لەم فێستیڤاڵەدا کۆدەبنەوەو گفتوگۆی گەرم لەبارەی دوایین کاری سینەمای کوردی دەکەن.


