ئاری ئەحمەد: بەم زووانە پرۆژەی هێڵی سێیەمی ئاوی دوکان- سلێمانی جێبەجێ دەکرێت
" بۆ ماوەیی 25 ساڵ کێشەی کەم ئاوی لە سلێمانی چارە دەکات"

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بەم زووانە پرۆژەی ئاوی دوکان-سلێمانی جێبەجێ دەکرێت، کە کێشەی کەم ئاوی بۆ ماوەی 25 ساڵ لە سلێمانی چارە دەکات.
چوارشەممە، 7ـی ئایاری2025، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24ـی ڕایگەیاند: لە هەندێک گەڕەکی سلێمانی تۆڕی دابەشکردنی ئاو نییە، ئەو شارە زیاتر پشت بە ئاوی هەرسێ پرۆژەکان دەبەستێت، بەشێوەیەکی گشتیی ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە سلێمانی دابەزیوە.
ئاری ئەحمەد گوتیشی: بۆ چارەی کێشەی کەمئاوی لە سلێمانی، لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ڕەزامەندی داوە لەسەر جێبەجێ کردنی پرۆژەی ئاوی هێڵی سێیەمی دوکان-سلێمانی.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ باسی لەوەش کرد، پڕۆژەکە دوو هێڵی گواستنەوەیە، پێنج وێستگەییە، ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیجییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی فراوانبوونی سلێمانی و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، خزمەتی هاووڵاتییانی شارەکە دەکات و گوژمەکەی 293 ملیۆن دۆلارە؛ لە ماوەییەکی زۆر کەمدا پرۆژەکە ڕادەگەیێندرێت.
ئاری ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆژەکە بەشێوەیەکی ئاسایی دوو ساڵ و نیو تاوەکوو سێ ساڵ دەخایەنێت، بۆ ئەمساڵ لەو شارە پلانی کورتخایەنمان هەیە بۆ چارەکردنی کەمئاوی، وەک سیستەمی تەنکەرین و نۆژەکردنەوەی پڕۆژەکانی دوکان یەک و دوکان دوو، لەگەڵ ڕێکخستنەوەی تۆڕەکان.